Erbil 12°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 09:20

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: بێهزاد خوسرەوی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی رادەستی ئێران كراوەتەوە

کوردستان TV
100%

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە ئەو هاووڵاتییە پەنابەرە كوردە لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە رادەستی ئێران كراوەتەوە.

لە بەیاننامەكەدای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتووە "دوای بەدواداچوونمان وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەتایبەت نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی سەبارەت بەهەواڵی ڕادەستکردنی هاووڵاتییەکی پەنابەری کوردی خەڵکی ئێران بەناوی (بێهزاد خوسرەوی) دانیشتووی شاری سلێمانی بە دەوڵەتی ئێران، دەرکەوتووە ئەو هاووڵاتییە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و پەنابەر بووە".

هەروەها هاتووە "خوسرەوی لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە، بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لە وڵاتی خۆی هاتۆتە هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای بانگکردن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنووری شاری سلێمانی ڕەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە دوور لە هەر ڕێکارێکی ئیداری و یاسایی و بێ هەبوونی هیچ بڕیار و ڕێکەوتنێک لەو بارەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە "ناردنەوەی ئەو هاووڵاتییە بە وڵاتی خۆی پێچەوانەی بڕگەی دووەمی ماددەی (21)ی دەستووری عێڕاقی فیدڕاڵە کە دەڵێ (نابێ پەنابەری سیاسی ڕادەستی وڵاتی خۆی بکرێتەوە یان بگەڕێنرێتەوە بە زۆری بۆ ئەو وڵات و شوێنەی لێی ڕاکردووە) هەروەها پێچەوانەی بنەماکانی مافی پەنابەرێتی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مامەڵەکردنە لەگەڵ پەنابەران".

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راشدەگەیەنێت "ئەگەر هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک هەبێ بۆ گەڕانەوەی هەر پەنابەرێک بۆ وڵاتی خۆی لەنێوان وڵاتان پێویستە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بێت و بەئاگاداری لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کەیسانە بکرێن".

راشدەگەیەنێت "ئێمە پێمانوایە پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان بێنە سەرخەت بۆ سۆراخکردنی هەواڵی ئەو هاووڵاتییە و پاراستنی ژیانی لە وڵاتی خۆی. جەخت دەکەینەوە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی وڵاتانیش کە ئێستا پەنابەرن لە هەرێمی کوردستان وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و ژیانیان پارێزراو بێت دوور لە یاسا و ڕێکارەکان هیچ مامەڵەیەکی تریان لەگەڵ نەکرێ".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.