لە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ دووشەممەی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان پرسی مووچە و چەند بابەتێكی دیكە یەكلایی بووەتەوە و تاڕادەیەكی زۆر چارەسەركراون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (كوردستان تیڤی) هەردوو شاندی هەرێم و عێراق لە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ دووشەممەدا چەندین پرسیان یەكلایی كردۆتەوە و بەتایبەتیش پرسی مووچە.
لە كۆبوونەوەكاندا كێشەی مووچە چارەسەركراوە و بڕیارە سبەی یان دووسبەی لیستی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران رەوانەی عێراق بكرێت و پارەكەش بنێردرێت.
شاندی هەردوولا هەروەها لەسەر چەند بابەتێكی دیكەش رێككەوتوون، لەوانە بابەتی باج و وەبەرهێنان و لادانی بازگەكانی گومرگ لەنێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق.
شاندی وەزاری عێراق بۆ ئابووری ماوەی دوو رۆژە لە هەرێمی كوردستانە و چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی وەزاری ئابووری هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.
بڕیاریشە هەر ئەمشەو دووشەممە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكان، شاندەكەی حكوومەتی عێراق بگەڕێتەوە بەغدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.