Erbil 15°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 14:14

ئومێد قادر زیره‌ك: مه‌رج نیه‌ گۆرانی بێژ ژه‌نیار بێت به‌ڵام مه‌رجه‌ گوێچكه‌ی موزیكی بێت و ده‌نگه‌كان بناسێت

کوردستان TV
100%


ئومێد قادر زیره‌ك: هه‌ندێك له‌ گۆرانی باوكم هه‌یه‌ تائێستا بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌ له‌لای خۆمان پاراستوومانه‌

گۆرانیبێژ(ئومێد قادر زیره‌ك) ئه‌گه‌ر چی به‌رهه‌می بڵاوكراوه‌ی كه‌مه‌ به‌ڵام له‌ ئێستادا چه‌ند به‌رهه‌مێكی ئاماده‌یه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ ،كاریگه‌ری ده‌نگی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردووی باوكی (قادر زیره‌ك) ،هۆكار بووه‌ گه‌ ئه‌ویش بیر له‌ گۆرانی ووتن بكاته‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌رده‌ستی هونه‌رمه‌ند مامۆستا(وریا ئه‌حمه‌د) ده‌چێته‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی  هه‌ولێر پێنج  له‌ به‌شی موزیگ ده‌خوێنێت،دوایش ده‌چێته‌ ئه‌كادیمای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێر له‌وێش چواری خوێندنی موزیك به‌سه‌ركه‌وتووی ته‌واو ده‌كات له‌ ئێستادا سه‌رپه‌رشتیاری هونه‌رییه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌م هه‌ڤپیڤینه‌مان له‌گه‌ڵیدا سازدا.
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس 
*پێمان باشه‌ سه‌ره‌تا بۆ خوێنه‌ره‌نمان باس له‌ كاروانی هونه‌ری خۆت بكه‌یت
- كاروانی هونه‌ری من له‌و كاته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كاتێ چاوم كرده‌وه‌ ته‌نیا له‌ تیڤی و وێنه‌كان باوكی ڕه‌حمه‌تیم (قادر زیره‌ك) ده‌بینی و گوێم بۆ گۆرانیه‌كانی شل ده‌كرد به‌ده‌م سۆز و ئاوازه‌ پڕ له‌ ده‌نگه‌ زوڵال و كوردانه‌كه‌ی به‌ دڵێكی پڕ له‌خه‌م و دووری چاوه‌كانم هێدی هێدی نه‌رمه‌ بارانێك ئاسا هه‌ندێ جار به‌ر شاشه‌كه‌ی لێ ده‌گرتم هه‌ندێ جار ڕومه‌ته‌كانمی ته‌ڕ ده‌كرد و به‌كۆلێك خه‌مه‌وه‌ رۆژانم به‌رێ ده‌كرد تا ئه‌و كاته‌ی به‌ هاوكاری مامۆستای موزیك ژه‌ن و ئاواز دانه‌ر مامۆستا(وریا ئه‌حمه‌د) خۆم له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر بینیه‌وه‌ و دواتر ته‌واوكردنی كۆلیژی هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌ هه‌ردوو قۆناغی خوێندن دا به‌شداری به‌شی زۆری چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانم ده‌كرد ..له‌ دوای ده‌رچوونم له‌ چه‌ندین گۆرانی تایبه‌ت به‌خۆم بڵاوكرده‌وه‌ له‌ ئێستاش سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یم له‌ پسپۆڕیه‌تی هونه‌رییم له‌ په‌روه‌رده‌ی ناوه‌ندی هه‌ولێر.

*ئه‌و كاته‌ی هونه‌رمه‌ند(قادر زیره‌ك)ی باوكت كۆچی دوایكرد تۆ منداڵ بوویت هه‌بووه‌ چێت له‌یاد ماوه‌؟
-ئه‌وكاته‌ی باوكم كۆچی كرد من ته‌مه‌نم چوار ساڵ بوو سۆزی باوكایه‌تی له‌به‌رده‌م شاشه‌ی تیڤی و ڕادیۆ و ریكۆرد بوو كه‌ ئه‌وكات فێنكایه‌كی زۆریان پێ ده‌به‌خشیم و ئارامیان ده‌كردمه‌وه‌.

*هونه‌رمه‌ند قادر زیره‌ك تائێستا گۆرانی هه‌یه‌ بڵاونه‌كرابێته‌وه‌؟ هه‌موو ئه‌رشیفی له‌لای به‌رێزتان هه‌یه‌؟
- به‌ڵێ ئه‌رشیفی هونه‌ری باوكم به‌شێكی زۆری له‌لای منه‌ و ئه‌وانه‌ی بڵاویش بونه‌ته‌وه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌ك نه‌بێت هه‌مووی هی ئێمه‌یه‌و و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ هه‌ندێكی گۆرانی هه‌یه‌بڵاونه‌كرایته‌وه‌ تائێستا پاراستوومانه‌.

*تاچه‌ند گرنگه‌ گۆرانیبێژ ژنیار بێت؟ خۆت كامه‌ ئامێر ده‌ژێنیت؟
- بۆ پرسیاری ئه‌وه‌ی تا چه‌ند گرنگه‌ گۆرانیبێژ ژه‌نیار بێت .. ئێمه‌ با وابلێین تا چه‌ند گرنگه‌ گۆرانی بێژ یا هونه‌رمه‌د به‌گشتی ڕۆشه‌نبیر بێت له‌ ڕوی ژه‌نین و ئامێر ناسیه‌وه‌ …چونكه‌ رۆشه‌نبیریه‌تی ژه‌نین و ژه‌نیار بۆ گۆرانی بێژ گرینگه‌ تا بتوانێ هاوكاری ده‌نگی بكات مه‌رج نیه‌ گۆرانی بێژ  ژه‌نیار بێت به‌ڵام مه‌رجه‌ گوێچكه‌ی پاك بێ و ده‌نگه‌كان بناسێ و توانای ئه‌دای له‌به‌رزترین مه‌ودا هه‌بێت و هه‌ما هه‌نگی و له‌گه‌ڵ ئامێری موزیك بكات و به‌نه‌شاز نه‌بێت.


*ئێمه‌ ده‌زانین چه‌ندین گۆرانی خۆت هه‌یه‌، هۆكار چیه‌ تائێستا بڵاونه‌كردۆته‌وه‌؟- دیاره‌ زانیاریتان هه‌یه‌...*به‌ڵێ بێگومان هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و پرسیاره‌شمان كرد؟ 
- من له‌ 2001 گۆرانی (بێ سۆداغ نیم) تۆ مار كرد له‌ تیڤی هه‌رێم كاری وێنه‌گریم بۆ كرد  و بڵاوم كرده‌وه‌ ، دواتر پلانم دانا تا سی دیه‌ك بڵاو بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌وكات باری دارایی زۆر خراپ بوو هه‌ندێ گۆرانیم تۆمار كرد له‌ سه‌ر ئه‌ركی خۆم ئه‌وه‌بوو برا بچوكه‌كه‌م نه‌خۆش كه‌وت و منیش ئه‌ركی ئه‌و خێزانه‌م له‌ ئه‌ستۆ بوو هیچ پاڵپشتیه‌كم نه‌بوو دواتر هه‌ستم كرد تاوانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خۆم و خانه‌واده‌كمان ده‌كه‌م بۆیه‌ گۆرنیه‌كان له‌ ساڵی 2006 وه‌ تا ئێستا ماون و بڵاوم نه‌كردیته‌وه‌ ئه‌ركی خێزان زۆر قورسه‌ ئامانه‌تێكه‌ ده‌بێت بیپارێزی بۆیه‌ من بێم پاره‌ له‌ قوڕگی مناڵه‌كانم بگرمه‌وه‌ بۆ كاری هونه‌ری و له‌ولاشه‌وه‌ هونه‌ره‌كه‌م كه‌ ناتوانێ بمژینێ تاوانی من نیه‌ بۆیه‌ ده‌بێت بیرێك له‌مه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند بتوانێ به‌ هونه‌ره‌كه‌ی بژیێ ئا لێره‌ كه‌ی پاڵپشتی هه‌بوو منیش ده‌ست به‌كاری هونه‌ری ده‌كه‌مه‌وه‌.

*كلیپی گۆرانی تایبه‌ت به‌ خۆت  هه‌یه‌؟ چۆنه‌ ده‌ڕوانیته‌ كلیپه‌كانی گۆرانی به‌گشتی؟
- وه‌ك گوتم یه‌ك گۆرانی كلیپی لۆ كرا له‌ تیڤی هه‌رێم لای من نه‌ماوه‌ له‌ ئه‌رشیفی تیڤی هه‌رێم خۆیانه‌ .. تایبه‌ت به‌ كلیپه‌كانی ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی زۆری ته‌قلیده‌ و هه‌یانه‌ نوێكاری تێدایه‌ به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی ئه‌فڕاندن وه‌ هه‌ندێ كلیپ هه‌ن هه‌ر دوورن له‌ بابه‌ته‌كه‌ و ته‌نیالكێندراون به‌یه‌كه‌وه‌.
*وه‌كو هه‌ر گۆرانیبێژێك ئه‌و گرفت  كێشانه‌ چین كه‌رووبه‌ری گۆرانیبێژ ده‌بنه‌وه‌؟
 - خراپترین حاڵه‌ت نه‌بونی پاڵپشتی و هاوكاری هونه‌رمه‌ندان خۆیانن له‌ نێو خۆیان جاران هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانی  هاوكاری یه‌كتر بون و به‌ روحیه‌تێكی هونه‌ری و نیشتیمان په‌روه‌ری هاوكاری یه‌كتر بون بۆ خستنه‌ ڕوی به‌رهه‌مێكی هونه‌ری پڕ ڕوحیه‌ت و هاوكات نیشتیمان په‌روه‌ری به‌ڵام ئێستا  بیر له‌ پاره‌ ده‌كرێته‌وه‌ و به‌لایه‌وه‌ گرینگ نیه‌ چی ده‌بێت وه‌ هه‌ندێ جار ده‌نگه‌ پڕ سۆزه‌كان له‌ ستۆدۆ ده‌مرن.
-وه‌كو لاوێك ئاستی گۆرانی كوردی چۆن دبینیت؟
- ئاستی گۆرانی كوردی له‌ ڕوی ئه‌داوه‌ هه‌نگاوی باشی بڕیوه‌ به‌ڵام به‌گشتی فه‌وزایه‌ك هه‌یه‌ له‌ گۆرانكاریه‌ خێراكان جاری وا هه‌یه‌ مۆركی كوردی له‌ده‌ست داوه‌ یاخود تۆن و ده‌نگ بۆته‌ قوربانی كلیپ ئه‌مه‌ بگره‌ له‌ نه‌فه‌س كورتی و نه‌بونی به‌رده‌وامی به‌هه‌ر هۆكارێك بێت.
*وه‌كو سه‌رپه‌رشتیارێكی پسپۆری هونه‌ری وانه‌ی هونه‌رله‌نێو قوتابخانه‌كان و ئاستی هونه‌ری قوتابیان له‌چ ئاستێك دایه‌؟ 
- به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆرێك له‌ قوتابخانه‌كان، وانه‌ی هونه‌ری له‌ قوتابخابه‌كان بۆته‌ قوربانی ڕێكخستنی میلاكی قوتابخانه‌ .. په‌نده‌كی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێ.. ( چ بایه‌ و چ بارانه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی به‌فر كورت ده‌كاته‌وه‌ ) له‌ نێو قوتابخانه‌كانیش یا له‌ باڵاتر هه‌ر گۆرانكاریه‌ك ڕوو ده‌دات له‌به‌شه‌ وانه‌ی هونه‌ری كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێ قوتابخانه‌ خشته‌ی دابه‌ش كرایه‌ و بۆ ته‌واوكردنی میلاك هه‌ر دوو وانه‌یه‌ك دراوه‌ته‌ مامۆستایه‌ك بۆیه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌،له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن گرنگی زیاتر به‌ وانه‌ی هونه‌ری بدات،چونكه‌ وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری مێشك چالاك ده‌كات.
سه‌باره‌ت قوتابیانیش ،سوپاس بۆ خوا من وای ده‌بینم ئاستی قوتابیه‌كانمان له‌ وانه‌ی هونه‌ری زۆر باشه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ كه‌می مامۆستای پسپۆری و گرینگی نه‌دان به‌ به‌هره‌ هونه‌رییه‌كانیان دواتر به‌ره‌ به‌ره‌ دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ به‌ڵێ له‌ هه‌ندێ قوتابخانه‌ هه‌ندێ مامۆستا و قوتابی هه‌ن زۆر دڵخۆشكه‌رن به‌ڵام نه‌بوونی پاڵپشتی و هاندان ئه‌وانیش له‌ بازنه‌یه‌ك ده‌سورێنه‌وه‌ ناتوانن هه‌نگاوی گه‌وره‌ تر بهاوێژن.
* باشه‌ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی تا قوتابیه‌كی هونه‌رمه‌ند و فێرخوازێكی ژیر ده‌ركه‌وێ تا دوارۆژ پارێرزه‌رێكی یا دكتۆرێكی هونه‌رمه‌ند ی لێ ده‌رچێت؟ 
- بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێت گرنگی ته‌واو به‌ سه‌رپه‌رشتیاری پسپۆڕی هونه‌ری بدرێت و ده‌ستی واڵا بكرێت  له‌روی پركردنه‌وه‌ی میلاكی مامۆستای هونه‌ر ی له‌ هه‌مان كاتدا كردنه‌وه‌ی خوولی به‌هێزكرنی مامۆستای په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی فیستیڤاڵ و پێش بڕكێی هونه‌ری ساڵانه‌ له‌ نێوان قوتابخانه‌كاندا.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.