Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:34

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد وەک، بە گرێبەستکردنی وانەبێژان، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان کرد کە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەردرا و پەسەند کرا، لە سەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵیش دواجار توانرا بگەینە ڕێککەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی حکوومەتی فیدراڵ وەرگرت.

گوتیشی خانەنشینان دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە پاڵپشتی داوا و داخوازییە ڕەواکانیان دەبین و ئەم بەشە ماندووەی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گشتی تەرخان کرد شایانی هەموو پشتیوانییەکن.

لە کۆتایی گوتەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بکات، لەم ڕووەوە سەرۆک وەزیران گوتی، بێگومان لایەنە سیاسیەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو وڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم کە بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن، چونکە هەموومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.

لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد لەپێناو یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستمی دارایی وژمێریاری لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم و دەسەڵاتەکانی کە لەناو دەستووری عێراق جێگیرکراون، وەک ئاشکراشە لە دوای ساڵی 2014ـەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، دابڕانێکی تەواو ڕووی دا لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کە بووە هۆی پەیڕەوکردنی دوو سیستمی دارایی و ژمێریاریی جیاواز لەلایەن وەزارەتی دارایی هەردوولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای پەیوەندی هەردوو حکوومەت، ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی دارایی و ژمێریاریی هەردوولا و چارەسەرکردنی زۆربەی سەرنج و تێبینیەکانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاکی حکوومەتی هەرێم و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق کە ئەمەش لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە کە بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی دەستی پێ کرد.

پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی حەفتەی ڕابوردوو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو کە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەکنیکییەکان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بوو کە لە ماوەی پێشوو ڕێکاری پێویستیان وەرگرتووە سەبارەت بە ڕاسپاردە و سەرنجەکانی وردبینی هاوبەش و پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی ومیلاک و لیستەکانی مووچە، بەجۆرێک بەهانە و بیانووی تەکنیکی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕوو کەوەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەمووز و ئاب خەرجی کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی مووچە. لەبەرامبەریشدا پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگی تەمووز و ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بکەن تاوەکو حکوومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجوومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرد کە وا بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی هەردوولا ئەنجام بدرێت، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەرێم ئەم کۆبوونەوەیە بە دەرفەتێکی پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیکەوە ڕووبەڕوو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ گفتوگۆی جیدی لەسەر دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بکرێت کە تائێستا چارەسەر نەکراون لە گشت بوار و کەرتەکاندا.

ئەنجوومەنی وەزیران سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکاریی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا و سکرتارییەتی ئەنجومەنی فیدڕاڵیی ئابووری، هەروەها وەزیرە بەڕێزەکانیش ڕاسپێردران بە پێی تایبەتمەندییان، پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بکەن لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیار و ڕاسپاردەی هاوسەنگ و پێویست بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە جێگیرکراوەکانی هاتوو لە دەستووریی عێراق لەپێناوی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی نێوان هەردوو حکوومەت لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.