باڵیۆزی توركیا لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ لای سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جەختی كردەوە كە تاوانبارانی كوشتنی گەنجەكەی دهۆك لە شاری ئیستانبۆڵ دەستگیركراون و رێكاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
ئهمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانى سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان پێشوای لە ئانل بۆرا ئينان باڵيۆزى نوێى توركيا له عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هيواى سهركهوتنى له ئهركى نوێیدا بۆ خواست.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرینگیی پەرەپێدانیی پەیوەندیی دوولایەنە، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی کرایەوە.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆژەی ستراتیجيی ڕێگەی گەشەپێدان کە وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی عێراقەوە بە تورکیا و ئەوروپا دەبەستێتەوە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەم پرۆژە گرینگەدا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، ئاماژە بە تاوانی کوشتنی گەشتیارێکی دهۆک لە ئیستانبۆڵ کرا و وێڕای نیگەرانی دەربڕین بەرانبەر ڕوودانی ئەم تاوانە و پێشکەشکردنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکە، باڵیۆزی تورکیا دووپاتی کردەوە کە تاوانباران دەستگیرکراون و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر نەهێشتنی هەر کێشە و ئاستەنگێک، کە بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانیان بۆ تورکیا دێتە ئاراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.