Erbil 15°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 14:23

شێوه‌كار بێرۆ رواندزی:تابلۆكانی هونه‌رمه‌ندی (محه‌مه‌د عارف ) تا ڕاده‌یه‌ك كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كاره‌كانم هه‌بووه‌

کوردستان TV
100%


خاتونی هونه‌رمه‌ند بێرۆ عه‌بدوڵڵا رواندزی ناسراو به‌ (بێرۆ رواندزی) خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی سوودی له‌ چه‌ندین قوتابخانه‌ی هونه‌ری شێوه‌كاری وه‌رگرتووه‌،به‌ڵام له‌ كاركردن دا خۆی به‌هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری دیاركراو نه‌به‌ستۆته‌وه‌،سروشتی شاخ ودۆڵ و خه‌ره‌ندی رواندز كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وتی كاركردنی هه‌بووه‌ ئێمه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌كان له‌گه‌ڵیدا سازدا.

هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس 
*سه‌ره‌تا بابزانین بێرۆ رواندزی چۆن ئاشنای هونه‌ری نیگار كردن بوو؟
- به‌ ساده‌ترین شێوه‌ ھونه‌ری من  ده‌ستی پێ كرد. هێشتا نه‌چووبوومه‌ به‌ر خوێندن كه‌ وێنه‌م ئه‌كێشا، كه‌ منداڵ بووم له‌ ڕێی وێنه‌كێشانه‌وه‌ هه‌ستی ده‌روونی خۆمم ده‌رئه‌بڕی، دواتر له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی زیاتر ئاشنای ڕه‌نگه‌كان بووم. ڕه‌نگه‌كانم تێكه‌ڵ ئه‌كرد. له‌سه‌ر كتێب و كورسی دانیشت و دیواری قوتابخانه‌ وێنه‌م ئه‌كێشا. زۆر جار له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ سزا ئه‌درام. ئیدی هونه‌ری وێنه‌كێشان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونم پتر له‌ ڕۆحمدا چه‌كه‌ره‌ی كرد. له‌ قۆناغی ئاماده‌یی به‌رده‌وام له‌ پێشانگای ساڵانه‌ ھونه‌ری به‌شدار ده‌بووم ــ به‌ ھونه‌ری شێوه‌كاری و په‌یكه‌رسازی و مۆدێلی ئه‌ندازه‌ی سێ‌ ڕه‌ھه‌ندی. دواتر له‌ به‌شی بیناسازی، له‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی ھه‌ولێر خوێندم. له‌ هیچ به‌شێكی هونه‌ری نه‌مخوێندییه‌، هونه‌ر هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خۆڕسك له‌ناو مندا هه‌بووه‌، وه‌كو به‌هره‌یه‌كی هونه‌ری . 


*به‌ڕێزتان له‌ ڕواندز له‌دایك بوون  تا چه‌ند سروشتی ئه‌و شاره‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر تابلۆكانت هه‌بووه‌؟
‎- بێگومان سروشتی سه‌وز و ڕه‌نگینی رواندز، زۆر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕه‌وتی كاركردن و حه‌ز و سه‌لیقه‌ی هونه‌ری من هه‌بووه‌.  هه‌ڵكه‌وته‌ی شاخوداخی به‌رز و خه‌ره‌ندی دڵفڕێنی، هه‌موو كات سه‌رنجیان ڕاكێشاوم و سرووشیان پێ به‌خشیوم، ڕۆحی ئه‌م شاره‌ هیچ كات له‌ نه‌قش و ڕه‌شنووسی سكێچی كاره‌كانم دانه‌بڕاوه‌.

*كامانه‌ن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌رتان هه‌بووه‌؟
- به‌گشتی سه‌رسامی زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می ڕێنیسانسم، چونكه‌ سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێی هونه‌ر بوو، مۆدێله‌ كلاسیكییه‌كانی سه‌رده‌می یۆنانی و ڕۆمانی كۆن له‌دایك بووه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ته‌كنیكه‌ مۆدێرنه‌كانیشیان به‌كار هێنا. سه‌رده‌می ڕێنیسانس قۆناغی زێڕین بوو له‌ ھونه‌ری شێوه‌كاری و په‌یكه‌رسازی و ته‌لارسازی ــ  بۆ نموونه‌، (مایكل ئه‌نجێلۆ)  له‌و سه‌رده‌مه‌ جێده‌ستی له‌ ھه‌ر سێ بواره‌كه‌ نه‌خشاندووه‌ و بێگومان كاریگه‌ریی ھه‌بووه‌. دیاره‌ ھونه‌رمه‌ندانی كوردیش له‌ قۆناغانی پێشتردا ھونه‌ر و په‌یامی خۆیان به‌جوانی و به‌ شێوازی جیاواز  گه‌یاندووه‌. له‌وانه‌( د. محه‌مه‌د عارف )كه‌ یه‌كێك بوو له‌ خه‌مخۆره‌ دڵسۆزه‌كانی ھونه‌ری كوردی. به‌خت یاوه‌رم بوو له‌ ته‌مه‌نێكی بچووك توانیم بیبینم و گفتوگۆ بكه‌ین و چۆنیه‌تیی كاركردنی و تابلۆكانیم له‌ نزیكه‌وه‌ دیت و كتێبێكی ھونه‌ریی ئه‌كادیمی ڕۆستۆڤچیفی پێشكه‌ش كردم كه‌ خۆی له‌ ڕووسییه‌وه‌ كردبووی به‌ كوردی ــ ئه‌وكات زۆر سوودم لێ بینی. بێگومان ئامۆژگارییه‌كانی و تابلۆكانی تا ڕادده‌یه‌ك كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كاره‌كانم هه‌بووه‌.  

 *باشه‌ بێرۆ رواندزی كاتێكی دیاركراوی هه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر تابلۆكانی؟
- ھه‌ر كاتێك بمه‌وێت و دۆخه‌كه‌ش تۆزێك گونجاو بێت راسته‌وخۆ ده‌ست ئه‌كه‌م به‌ كاركردن و سكێچ كردن، گرینگ نییه‌ چ كاتێك بێت.. زۆربه‌ی كات ڕه‌شنووسێكی بچووكم پێیه‌ كه‌ ئه‌چمه‌ سه‌ر كار یان ناو سروشت و سه‌ر شاخ كه‌ ئاره‌زووم كرد سكێچ ئه‌كه‌م. دواتریش له‌ ده‌رفه‌تێك له‌سه‌ر خامی گه‌وره‌ دووباره‌ كاری له‌سه‌ر ئه‌كه‌مه‌وه‌. به‌گشتی كاتێكی دیاریكراوم نییه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر تابلۆكان.

 *قوتابخانه‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری  زۆرن، به‌ڕێزتان له‌سه‌ر كام قوتابخانه‌ كار ده‌كه‌یت؟
- ئه‌وه‌ی من چێژی لێ ئه‌بینم له‌ ھونه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ زۆر خۆڕسكانه‌ كار ئه‌كه‌م. زۆر حه‌زم به‌ سنووردانان و یاسا و ڕێسا نییه‌ له‌ دنیای ھونه‌ردا. بێگومان ئه‌وه‌ گرینگه‌ ئه‌كادیمیانه‌ زانیاریت ھه‌بێت له‌سه‌ر ڕێچكه‌ و گه‌شه‌كردنی قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی ھونه‌ر و له‌ته‌ك پراكتیكی ھونه‌ری پێویستمان به‌ بره‌ودان و بایه‌خدان به‌ لایه‌نه‌ تیۆرییه‌كه‌ش ھه‌یه‌، به‌ڵام نه‌گاته‌ ئه‌و ڕادده‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ھونه‌رێكی خۆڕسك دروست بكه‌ن و ئاڕاسته‌ و په‌یامی ھونه‌رمه‌ند بگۆرن. به‌گشتی من وابه‌سته‌ نه‌بووم به‌ شێوازێكی كاركردنی تایبه‌ت، بۆیه‌ ئه‌توانم بڵێم  ئه‌و شێوازه‌ی من له‌سه‌ری كار ئه‌كه‌م به‌ته‌واوی ناچێته‌ سه‌ر جۆرێك له‌ قاڵبی قوتابخانه‌یه‌كی ھونه‌ری دیاری كراو.

 * (بۆنی فیشه‌ك و مێخه‌ك) ناونیشانی دوا پیشانگای به‌ڕێزتان بوو ده‌كرێت باسێكی ناوه‌رۆكی  تابلۆكان بكه‌یت؟ 
 - فیشه‌ك و مێخه‌ك ده‌رگای چوونه‌ ناو جیهانی جه‌نگ و خۆشه‌ویستییه‌، به‌ڵام نه‌خشی فه‌رش و قۆچی بزنه‌كێوی بۆنی كورده‌وارین و تێڕامان و وردبوونه‌وه‌م قووڵده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ سروشتی ژنه‌كێوی و سروشتی شاخ و مه‌ودای خۆڕاگری ئێمه بۆنی فیشه‌ك و مێخه‌ك كه‌ دووه‌مین پێشانگای تایبه‌تی منه‌ به‌ درێژایی یازده‌ ساڵی ئه‌زموونی كاركردنم چه‌ند قۆناغێكی جیاوازی بڕیوه‌، ھه‌وڵم داوه‌ ساته‌كانی شه‌ڕ و ژیان و به‌رده‌وامبوون بنووسمه‌وه‌ و ئاوێته‌ی ڕه‌نگ و ڕوئیای هونه‌رییان بكه‌م،ھه‌ر بۆیه‌ ژووره‌ كۆنه‌كانی قه‌ڵای ھه‌ولێرم  هه‌ڵبژارد تا هه‌ر ژووره‌ی گوزارش له‌ قۆناغێك بكا و پێناسه‌ی ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی ژیانی هونه‌ریم بێ.  ده‌مه‌وێ پارێزگاری كردن له‌ كه‌لتوور و سروشت و مۆركی كوردانه‌ به‌شێك بێ له‌ پێناسه‌ی كاره‌كانم.

*بۆ داهاتوو هیچ پرۆژه‌یه‌كه‌ت له‌ هه‌گبه‌دایه‌؟
- ئه‌وه‌ی راستی بێت چه‌ند كار و پڕۆژه‌یه‌كم هه‌یه‌ ئێستا كار له‌سه‌ر به‌شێكیان ئه‌كه‌م، به‌و هیوایه‌ كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌رهه‌م بێن و بخرێنه‌ به‌ر چاوی بینه‌ران.


 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.