ئەمڕۆ دووشەممە یەكەم حاڵەتی گوماناوی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە عێراق بینرا و تووشبووەكەش زیارەتكارێكی چلەی ماتەمینی ئیمامی حوسێنە.
لە بنكەیەكی تەندروستی شاری ناسڕییە سەر بە پارێزگای زیقاڕ، حاڵەتێكی گوماناوی تووشبووی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون بینرا.
ئەو كەسەی گومان دەكرێ تووشی نەخۆشییەكە بووبێت، كەسێكی بیانییە و بە مەبەستی بەشداریكردن لە مەڕاسیمی چلەی ماتەمینی ئیمامی حوسێن هاتووەتە عێراقەوە.
بەگوێرەی میدیاكانی عێراق، پشكنینی ئەو كەسە رەوانەی تاقیگە كراوە و دواتر یەكلایی دەبێتەوە تووشبووی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموونە یاخود نا.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی تەندروستی عێراق جەختی كردبووەوە كە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبووی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە عێراق تۆمار نەكراوە.
وەزارەتی تەندروستی جەختیشی كردبووەوە كە تاقیگەی دیاریكردنی نەخۆشییەكەیان هەیە و دەتوانن تووشبووان دیاری بكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی هەفتەی رابردوو باری لەناكاوی لە جیهاندا راگەیاندبوو بەهۆی زۆری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون بەتایبەت لە كیشوەری ئەفریقیا.
بەگوێرەی توێژینەوە تەندروستییەكان، تووشبووانی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون پەڵەی سووری گەورە لەسەر جەستەیان دروست دەبێت، دوای تووشبوونیش رەنگە كەسەكە بینایی چاو لەدەست بدات، هەروەها تووشی هەوكردنی پێڵووی چاو و مێشك و سییەكان و بۆڕی هەوا و ژەهراویبوونی خوێنیش دەبن.
نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە رووی تەندروستییەوە وەك ڤایرۆس مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت كە لە كەسیكەوە دەگوزارێتەوە بۆ كەسێكی دیكە، زیاتریش لەنێو ئەو پیاوانە بڵاو دەبێتەوە كە كاری هاوڕەگەزبازی ئەنجام دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.