سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و جێگرەکەی، کامالا ھاریس ھەڕەشەکانی ئێران-یان بۆسەر ئیسرائیل لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی تاوتوێ کرد.
کۆشکی سپی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شەوی ڕابردوو جۆ بایدن و کامالا ھاریس لەگەڵ تیمی ئاشایشی نەتەوەیی، کۆبوونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەڕەشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل و ھێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق، تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەکی گشتگیر، گفتوگۆکراوە لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەھا بەشێوەیەکی سەرەکی تیشک خراوەتە سەر گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
ھەروەھا ئەوەشی خستووەتەڕوو لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانە کراوە کە پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بیگرێنەبەر.
شەوی ڕابردوو بە ئاراستەکردنی ژمارەیەک هاژهك، ھێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، ژمارەیەک سەربازیی ئەمریکا، برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.