هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی ئیسپانیا ریمۆنتادای بەسەر هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی مەغریب تۆمار كرد و گەیشتە یاریی كۆتایی ركابەرییەكانی ئۆڵەمپیادی 2024ی پاریس بۆ یاریی تۆپی پێی پیاوان.
ئەمشەو لە یاریی پێش كۆتایی یارییەكانی ئۆڵەمپیادی پاریس بۆ یاریی تۆپی پێی پیاوان، هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی مەغریب و ئیسپانیا لەسەر یاریگەی ڤیلۆدرۆم لە شاری مارسیلیای فڕەنسا رووبەڕووی یەك بوونەوە.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا لە خولەكی 33 سوفیان رەحیمی لە رێگەی لێدانی سزا گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی مەغریب تۆمار كرد.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا یاریزانانی هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی ئیسپانیا باشتر یارییان كرد و توانیان دوو گۆڵ لە رێگەی یاریزانان فێرمین لۆپێز لە خولەكی 66 و خوانلۆ سانچێز لە خولەكی 85 تۆمار بكەن.
بەم ئەنجامەش هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی ئیسپانیا سەركەوتنەكانی هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی مەغریبی راگرت و توانی خۆی بگەینێتە یاریی كۆتایی ركابەرییەكانی ئۆڵەمپیادی 2024ی پاریس بۆ یاریی تۆپی پێی پیاوان.
هەر ئەمشەو یارییەكی دیكەی قۆناخی پێش كۆتایی لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی فڕەنسا و میسڕ بەڕێوە دەچێت و براوەیان رۆژی هەینی داهاتوو بۆ بەدەستهێنانی ملوانكەی زێڕی پاڵەوانیەتییەكە، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی ئیسپانیا دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.