Erbil 11°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 22:50

ئەمەریكا: لە 72 كاتژمێری داهاتوو هێرشی فراوان بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجام دەدرێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاندووە كە لە ماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا هێرشی فراوانی ئێران و لایەنگرانی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجام دەدرێت.

تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن) لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی پێنتاگۆن گواستوویەتییەوە، پێشبینی دەكرێت لە ماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا هێرشی فراوانی ئێران و گرووپ و لایەنگرەكانی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجام بدرێت.

بڵاویشی كردۆتەوە: هێرشەكە هاوشێوەی ئەوەی 13ی نیسانی رابردوو دەبێت كە بە درۆن و مووشەك ئەنجام دران، بەڵام هێرشی ئەمجارە فراوانتر و بەهێزتر دەبن.

هەروەها بڵاوی كردەوە: لە هێرشەكەی ئەمجارەدا حزبوڵای لوبنانیش بەشدار دەبێت كە لە هێرشی رابردوودا بەشدار نەبوو.

هێرشەكە لە تۆڵەی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران و فوئاد شوكر فەرماندەی باڵای سەربازی حزبوڵا دەبێت كە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن ئیسڕائیلەوە كوژران.

رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تایمز) دوێنێ چوارشەممە لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی باڵای ئێرانییەوە گواستییەوە: عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كردووە هێرشی راستەوخۆ بكەنە سەر ئیسڕائیل لە تۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە.

هەروەها بڵاوی كردەوە: هێرشەكەی ئەمجارە راستەوخۆ بۆ شارەكانی تەلئەبیب و حەیفا لەناوجەرگەی ئیسڕائیل دەبێت و جەرگبڕ و بەهێزیش دەبێت.

رۆژنامە ئەمەریكییەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە رەنگە لە هێرشە چاوەڕوانكراوەكەدا گرووپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا و یەمەنیش بەشداری بكەن.

پێشتریش نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیبووی "ئێران لە رێگەی ئۆپەڕاسیۆنێكی تایبەتەوە وەڵامی بۆ كوشتنی ئیسماعیل هەنییە دەبێت".

هەروەها نووسیبووی "بێگومان ئۆپەڕاسیۆنەكە ئەوەندە توند و بەهێز دەبێت بكەران لە ئەنجامدانی تاوانی كوشتنی هەنییە پەشیمان دەكاتەوە".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.