ن/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
ڤیڤیان لی به‌هۆی روخساری بێگه‌رد و خه‌نده‌ی ئه‌فسوناویی و چاوه قووڵه‌كانی، به‌یه‌ك له‌ژنه زۆر جوانه‌كانی جیهان دانرا بوو. به‌هۆی به‌رجه‌سته‌كردنی رۆڵه‌كانی (سكارلیت ئۆهارا و بلانش دوبوا و ئانا كارنینا و كیلۆپاترا و خانمی لۆرد هاملتۆن و ئۆفیلیا و مایرای عاشقه‌كه‌ی سه‌ر پردی واترلۆ)، وه‌ك ئایكۆنێكی سینه‌مایی بێهاوتا بینه‌ری سه‌رسام كردووه. چونكه له‌ناویاندا ئه‌فسونی تایبه‌تی خۆی نیشانداوه كه له‌ئاوێته‌بوونی جوانی بێ‌سنوور و به‌هره‌ی گه‌ش و لێهاتوویی له‌ده‌ربڕیندا، سه‌رچاوه‌یان گرتووه. ساڵی 1999 له‌پۆلبه‌ندی په‌یمانگه‌ی فیلمی ئه‌مه‌ریكی، له‌نێوان سه‌د ئه‌كته‌ر و بۆ ماوه‌ی سه‌د ساڵ، له‌ڕیزبه‌ندی شانزده دانرا.
ڤیڤیان ماری هارتلی Vivian Mary Hartley ناسراو به‌ڤیڤیان لی Vivien Leigh رۆژی 5 ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1913 له‌دایك و باوكێكی ئینگلیزی ناو شاری دارجیلنجی هه‌رێمی بنجابی وڵاتی هیند هاته دنیا. ئیرنست هارتلی باوكی، پێشتر له‌هێزی سواره‌ی هیندی ئه‌فسه‌ر بوو. ئه‌وساش له‌بواری ژمێریاری له‌و شوێنه كاری ده‌كرد. دایكیشی زۆر حه‌زی له‌شانۆ بوو، بۆیه هه‌ر زوو هانی ڤیڤیانی دا. ته‌نانه‌ت له‌ته‌مه‌نی سێ ساڵی له‌و تیپه شانۆییه كه خۆی دایمه‌زراندبوو، به‌شداری پێ كرد. دواتر هه‌ر له‌ژێر كاریگه‌ری دایكی، ئاره‌زووی چووه سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی گه‌وره نووسه‌ران. له‌ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵ نێردرا‌وه شاری له‌نده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌قوتابخانه‌ی ناوخۆیی (دێری كچه راهیبه‌كان) له‌ولدینگهام بخوێنێ. له‌وێدا هونه‌ری نواندن و سه‌ماشی خوێند. هاوكات به‌هره‌ی نواندنیشی لێ به‌دیاركه‌وت، له‌گه‌ڵ كچێكیش ئاشنا بوو كه دواتر ئه‌ویش بووه ئه‌كته‌ر و به‌ناوی (مورین ئۆسولیڤان) ناوی ده‌ركرد. دواتر دایك و باوكیشی گه‌ڕانه‌وه وڵات. به‌ڵام له‌به‌ر گواستنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی باوكی له‌كاره‌كه‌ی، ڤیڤیان ناچاربوو بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ له‌چه‌ندان قوتابخانه‌ی شاره‌كانی وه‌ك (دینارد و بیاریتز و سانریمۆ و پاریس) بخوێنێ. به‌وه‌ش فێره زمانه‌كانی فه‌ره‌نسی و ئیتاڵی بوو. ئینجا له‌كۆمپانیای (كۆنیكتیكت یانكی) كه تاكه كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی فیلم بوو له‌ناوچه‌كه، نزیكبۆوه. باوكیشی رازی كرد تا رێگه‌ی پێبدات ببێته ئه‌كته‌ر. ساڵی 1931 بۆ خوێندنی دراما له‌شاری له‌نده‌ن، چووه كۆلیژی شاهه‌نشاهی، به‌ڵام هێنده‌ی پێنه‌چوو هێربه‌رت لی هولمانی پارێزه‌ر كه‌وته ژیانی و شووی پێكرد. له‌وه‌شه‌وه نازناوی (لی) بۆ زیاد بوو. هاوسه‌رگیری ڤیڤیانی ناچار كرد ده‌ستبه‌رداری خوێندن بێت و به‌ژیانی خێزانه‌كه‌ی سه‌رقاڵ بێت. به‌ڵام ئه‌و باره درێژه‌ی نه‌كێشا، ساڵی 1934 جارێكی دیكه گه‌ڕا‌وه كۆلیژ. ساڵی دواتر له‌شانۆگه‌ری (ساشای مه‌زن The Green Sash) رۆڵی گیوستا و له‌شانۆگه‌ری (ماسكی ڤیرتور The Mask of Virtue) رۆڵی هێنریت دوكویستنۆی گێڕا. سه‌ركه‌وتنی له‌و بواره‌ش رێگه‌ی خۆشكرد تاكو به‌ره‌و سینه‌ما وه‌ربچه‌رخێ. ئه‌وه‌بوو له‌ته‌ك سیسلی كورتینگ و ماكس میله‌ر و ویلیه‌م گارگان و ماری لوسۆن و هه‌نریتا واتسۆن و سیسلی ئوتس و جودی كیلی، له‌فیلمی (هه‌موو شتێك به‌ئاسایی ده‌ڕوابه‌ڕێوه Things Are Looking Up) رۆڵی قوتابییه‌كی گێڕا. له‌فیلمی (گوندی سكیه‌ر The Village Squire) رۆڵی رۆز ڤینابلاس و له‌فیلمی (رازیبوونی جه‌نتلمان Gentlemen's Agreement) رۆڵی فیل ستانلی و له‌فیلمی (له‌سه‌ره‌وه بڕوانه و پێبكه‌نهLook Up and Laugh) و رۆڵی مارجۆر بیلفۆری گێڕا. ساڵی 1936 له‌شانۆگه‌ری (دووڕووی به‌ختیار The Happy Hypocrite) رۆڵی جێنی میری و له‌شانۆگه‌ری (ریشاردی سێیه‌م Richard III) ی شكسپیر، رۆڵی شاژنه ئان و له‌شانۆگه‌ری (هێنری هه‌شته‌م Henry VIII) ی شكسپیریش رۆڵی ئان بۆلینی گێڕا. ساڵی دواتر له‌شانۆگه‌ری (هاملێت Hamlet) ی شكسپیر، رۆڵی ئۆفیلیای گێڕا. به‌و جۆره له‌به‌رجه‌سته‌كردنی كچه وروژێنه‌ر و دووڵبه‌ره‌كانی ناو شانۆگه‌رییه كلاسییه‌كانی شكسپیر و دواتریش جۆرج بێرناد شۆ، تاده‌هات زیاتر ده‌رده‌كه‌وت. هاوكات له‌ته‌ك فلۆرا رۆبسه‌ن و ریمۆند ماسی و لۆرانس ئۆلیڤییه و لیزلی بانكس و لین هاردینگ و مۆرتۆن سیلتن و تامارا دیزنی له‌فیلمی (ئاگری ئینگلته‌را Fire Over England) ی ویلیه‌م هۆواردی ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی سێنسیای گێڕا. ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه له‌ڕۆمانێكی ئه‌لفرێد مایسۆن وه‌رگیراوه كه به‌ناوی ئاگر له‌سه‌ر ئینگلته‌را بڵاوكراوه‌ته‌وه. باس له‌پێوه‌ندی نێوان ئیسپانیا و به‌ریتانیا ده‌كات له‌سه‌رده‌می شاژنه ئیلیزابێتی یه‌كه‌م كه ئه‌وسا گرژی كه‌وتبووه نێوان ئه‌و دوو وڵاته. له‌و فیلمه ڤیڤیان و ئۆلیڤییه، وه‌ك دوو ئاشق ده‌ركه‌وتن. دواتر پێكه‌وه له‌سه‌ر شانۆ چه‌ندان به‌رهه‌میان پێشكه‌ش كرد تا وه‌هان لێهات وه‌ك دووانه‌ی سه‌ركه‌وتوو له‌شانۆی ئینگلیزی ناویان ده‌ركرد و ڤیڤیانیش بووه كۆڵه‌گه‌یه‌كی شانۆی ئۆلد ڤیكی ناوداری شاری له‌نده‌ن. دواتر هه‌ردووكیان بڕیاریاندا له‌هاوسه‌ره‌كانیان جیاببنه‌وه و به‌یه‌كه‌وه بژیه‌ن. ساڵی1940 جیل ئیسمۆندی ئه‌كته‌ر رازیبوو له‌ئۆلیڤییه‌ی هاوسه‌ری جیابێته‌وه. به‌هه‌مان شێوه هێربه‌رت لی هولمانش رازیبوو. ئه‌وسا ئه‌وانیش به‌شێوه‌ی ره‌سمی بوون به‌هاوسه‌ری یه‌كتری. هه‌رچه‌نده ئۆلیڤییه به‌ته‌مه‌ن گه‌وره‌تر بوو. هه‌ر له‌ساڵی 1937 ڤیڤیان له‌ته‌ك كۆنراد ڤایت و ئه‌نتۆنی بوشل و ئورسولا گینس و جوان گاردنه‌ر و ئیلیۆت ماكیهام و ئوستن تریڤۆر، له‌فیلمی (گه‌شتی تاریك Dark Journey) ی ڤیكتۆر ساڤیلی ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی مادلین گوداردی گێڕا. فیلمه‌كه تایبه‌ته به‌چیرۆكی دوو كه‌سی سیخوڕ له‌كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی. ئه‌مه‌و له‌فیلمی كۆمیدی و رۆمانسی (گێژه‌ڵۆكه له‌فنجان Storm in a Teacup) ی ده‌رهێنه‌ران ئیان دالریمپل و ڤیكتۆر ساڤیلی، له‌ته‌ك ریكس هاریسه‌ن و سیسیل پاركه‌ر و سارا ئالگود و ئورسولا گینس و گوس ماكناتۆن و ئارسه‌ر وۆنته‌ر، رۆڵی ڤیكتۆریا گاوی گێڕا. ناوه‌رۆكی ئه‌و فیلمه له‌شانۆگه‌رییه‌كی برونۆ فرانك وه‌رگیراوه. چیرۆكی په‌یامنێرێكی چالاكی رۆژنامه ده‌خاته‌ڕوو كه له‌سه‌ر داخوازی سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌ك ده‌چێته شاره‌كه‌ی و له‌وێدا شه‌یدای كچه‌كه‌ی ده‌بێت.
ساڵی دواتر له‌ته‌ك رۆبێرت تایله‌ر و لیونێل باریمۆر و مورین ئۆسولیڤان و ئیدمۆند گوین و گریفس جۆنس و رۆبێرت كوتییه، له‌فیلمی كۆمیدی (یانك له‌ئۆكسفۆرد A Yank at Oxford) ی جاك كۆنوای ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی ئیلسا كرادۆكی گێڕا. ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه تایبه‌ته به‌كوڕه وه‌رزشوانێكی ئه‌مه‌ریكی كه مینحه‌ی خوێندنی له‌زانكۆی ئۆكسفۆرد پێده‌درێ. له‌وێدا خاتوو ئیلسا یارمه‌تی ده‌دات. دواتر ئه‌و كوڕه له‌زانكۆ كێشه‌ی بۆ دێته‌ئارا و ماوه‌یه‌ك ده‌رده‌كرێت. هاوكات له‌ته‌ك تشارلز لوتۆن و ریكس هاریسه‌ن و تیرون گوسری و لاری ئادله‌ر و ئیدوارد لێكسی و گوس ماكناتۆن، له‌فیلمی (لادیواره‌كانی له‌نده‌ن Sidewalks of London) ی تیم ویلانی ده‌رهێنه‌ر رۆڵی لیبی گێڕا. ئه‌و فیلمه (كۆڵانه‌كانی سانت مارتین لین St. Martin's Lane) یشی پیده‌وتریت.
دواتر له‌گه‌ڵ لۆرانس ئۆلیڤییه به‌ره‌و ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چوون. لۆرانس له‌وێدا خه‌ریكی فیلمێك بوو به‌ناوی (به‌رزاییه‌كانی وێزه‌رینگ). كاتێك ده‌یڤد سیلزنیكی به‌رهه‌مهێنی ناوداری ئه‌مه‌ریكیش كه ماوه‌ی دوو ساڵ بوو چه‌ندان ئه‌كته‌ری ژنی ناودار و ئه‌زموونداری له‌وانه (كاترین هیپورن، نۆرما شیه‌ریر، بیتی دیڤیس، باربارا ستانویك، جوان كراوفۆرد، لانا تیرنه‌ر، سوزان هاوارد، كارۆل لۆمبارد) تاقیكردبۆ‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی سكارلیت ئۆهارا له‌فیلمی (بابردوو Gone with the Wind) بگێڕن، كه چاوی به‌ڤیڤیان كه‌وت، یه‌كسه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی به‌ودا، هه‌رچه‌ند ئه‌و كات ڤیڤیان له‌هۆلیود و ئه‌مه‌ریكا نه‌ناسرا‌بوو. ئه‌وه‌بوو ساڵی 1939 له‌ته‌ك كلارك گایبل و لیزلی هۆوارد و ئۆلیڤیا دی هاڤیلاند و هاتی ماكدانیال و راند برۆكس و تۆماس میشێل و باربارا ئۆنێل و ئیڤیلین كیس و ئان روسێرفۆرد و جۆرج ریڤێس و هۆوارد هیكمان، له‌و شاكاره‌دا كه ڤیكتۆر فلیمیگ ده‌ریهێنا، زۆر سه‌ركه‌وتووانه ده‌ركه‌وت و ئه‌و رۆڵه‌شی تا ئێستا له‌مێژووی سینه‌ما به‌گرنگترین رۆڵی ئافره‌ت داده‌نرێت كه به‌هۆیه‌وه فیلمه‌كه به‌چاكترین فیلمی خۆشه‌ویستی له‌مێژووی سینه‌مای كلاسیكی ریزبه‌ند كراوه. ناوه‌رۆكی ئه‌و فیلمه باس جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات. له‌نێوان ولایه‌ته‌كانی باكوور و باشوور. سكارلیت ئۆهارا له‌كێڵگه‌كه‌ی خۆیان له‌باشوور ده‌ژیه‌ت و دڵی ده‌كه‌وێته سه‌ر ئاشلی ویلكس، به‌ڵام ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆشی ده‌وێت كه‌چی نایه‌وێت هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بكات، چونكه دڵنیابوو له‌هه‌موو شتێك له‌یه‌ك جیاوازن. له‌شوێنیدا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ میلانی ئاموزای كرد. دواتر شارلزی برای میلانی سكارلیت ده‌هێنێ. ئه‌ویش رازی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاشلی تووڕه بكات، هاوكات له‌ویش نزیك بێت. هێنده‌ی پێناچێت شارلز ده‌چێته ناو ریزه‌كانی سوپا و ده‌كوژرێت كه ئه‌وسا سكارلێت دووگیانبوو. دوای ئه‌و رووداوه سكارلیت ده‌چێته شاری ئه‌ترنتا. كاتێك هێرشی باكووریه‌كان بۆ سه‌ر شاری ئه‌نتلانتا دێت. سكارلیت بۆ كێڵگه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌بینی دایكی مردووه و باوكیشی عه‌قڵی له‌ده‌ستداوه و كێڵگه‌كه‌شیان وه‌ك هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كان تاڵانكراوه. بۆیه له‌پێناو دابینكردنی بژێوی ناچار ده‌بێت سه‌ربازێكی باكووری بكوژێت. دواتر به‌رپرسیاریه‌تی كێڵگه‌كه ده‌گرێته ئه‌ستۆ. كاتێكیش باجه‌كان زۆرده‌بن، باری گوزه‌رانیان سه‌خت ده‌بێته‌وه. له‌و كاته‌دا سكارلیت شوو به‌خۆشه‌ویستی خوشكی ده‌كات. كاتێك ئه‌ویش ده‌مرێت شوو به‌كه‌سێكی دیكه ده‌كات كه پێشتر زۆر رقی لێده‌بۆوه. دواتر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت و باره‌كه‌ش به‌ره‌و ئارامی ده‌چێت. به‌هۆی رۆڵه‌كه‌ی ڤیڤیان خه‌ڵاتی ئۆسكاری چاكترین ئه‌كته‌ری ژن و خه‌ڵاتی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌خنه‌گرانی نیو یۆركی پێبه‌خشرا. دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه ئالفرێد هیتشكۆكی گه‌وره ده‌رهێنه‌ر كه بڕیاربوو له‌شاكاره‌كه‌ی (رێبیكا) رۆڵی خاتوو رێبیكا به‌ڤیڤیان بدات، به‌ڵام له‌ترسی ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆڵه‌ی له‌به‌ر كاریگه‌ری سكارلیت ده‌رنه‌كه‌وێت، بۆیه له‌شوێن ڤیڤیان رۆڵه‌كه‌ی به‌جوان فۆنتانی ئه‌كته‌ر‌دا، به‌وه‌ش ڤیڤیان دڵگران بوو.
ساڵی دواتر له‌شانۆگه‌ری (رۆمیۆ و جولێت Romeo and Juliet) ی شكسپیر رۆڵی جولێتی گێڕا. هاوكات له‌ته‌ك رۆبێرت تایله‌ر و لوسلی واتسۆن و ڤێرجینیا فێلد و ماریا ئۆسپینكایا و جانێت سۆ و ستیفی دونا و جانێت والدۆ له‌فیلمی (پردی واترلۆ Waterloo Bridge) ی مێرڤین لوروای ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی مایرا لیسته‌ری به‌رجه‌سته‌كرد. ئه‌و فیلمه‌ش چیرۆكی كچه سه‌ماكه‌رێك و كاپتنێكی سه‌ربازی ده‌خاته‌روو كه به‌ڕێكه‌وت له‌سه‌ر پردی واترلۆ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن. ئینجا له‌ته‌ك لورانس ئۆلیڤییه و لیزلی بانكس و فرانسیس سولیڤان و ده‌یڤد هۆرنی و های پیتری و رۆبێرت نیوتۆن له‌فیلمی (بیست و یه‌ك رۆژ پێكه‌وه 21 Days Together) ی باسیل دینی ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی وان‌دا والینی گێڕا. ساڵی 1941 له‌ته‌ك لورانس ئۆلیڤییه و ئالان مۆوبری و گلادیس كۆپه‌ر و هیاسه‌ر ئه‌نگل و گێلبێرت ئیمیری و رۆنالد سینكله‌یه‌ر و سارا ئالگۆد، له‌فیلمی (خانمی هامیلتۆن That Hamilton Woman)ی ئه‌لێكسه‌نده‌ر كۆردای ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی ئیما خانمی هامیلتۆنی گێڕا. ئیما له‌ڕۆژگاری خۆیدا به‌جوانترین خانمی به‌ریتانیا داده‌نرا. له‌ته‌مه‌نی پانزده ساڵی چووه له‌نده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك خزمه‌تكار كار بكات. له‌وێدا ده‌بێته مایه‌ی سه‌رنجی خانه‌دانه‌كان. تا هامیلتۆنی دپیلۆماسكار ده‌یهێنێ هه‌رچه‌نده جیاوازی ته‌مه‌نیان زۆربوو. دواتر ده‌چنه شاری ناپۆلی ئیتاڵیا له‌وێشدا ئیما ده‌بێته جێگه‌ی سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی ناپۆلی، به‌جۆرێك پشتیوانی خه‌ڵكی ئه‌و شاره به‌ده‌ستده‌هێنێ بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی ناپلیۆن. ساڵی دواتر له‌شانۆگه‌ری (كێشه‌ی پزیشك The Doctor's Dilemma) ی جۆرج بێرناد شۆ، رۆڵی جنێفه‌ر دوبیدات و ساڵی1945 له‌شانۆگه‌ری (پێستی ددانه‌كانمان The Skin of Our Teeth) ی سۆرنتۆ ویلده‌ر، رۆڵی سابینای گێڕا. هاوكات له‌ته‌ك كلود راینس و ستیوارت گرانگه‌ر و فلۆرا رۆبسه‌ن و فرانسیس سولیڤان و باسیل سیدنی و سیسل پاركه‌ر له‌فیلمی (قه‌یسه‌ر و كیلۆپاترا Caesar and Cleopatra) ی گابرییل پاسكالی ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی كیلۆپاترای به‌رجه‌سته كرد. ناوه‌رۆكی ئه‌و فیلمه‌ش له‌شانۆگه‌ریه‌كی جۆرج بێرناد شۆ وه‌رگیراوه كه به‌هه‌مان ناو بڵاوكراوه‌ته‌وه. ساڵی 1948 له‌ته‌ك كیرۆن مۆر و رالف ریتشاردسه‌ن و هیو دیمپسته‌ر و هێلین های و سالی هاۆر و ماری لۆر و نیال ماكگینیس و مرتیتا هونت له‌فیلمی (ئانا كارنینا Anna Karenina) ی جولیان دوڤیڤه‌ری ده‌رهێنه‌ر رۆڵی ئانای گێڕا. ئه‌وه‌شیان له‌ڕۆمانه‌كه‌ی لیۆ تۆلستۆی وه‌رگیراوه كه چیرۆكی ژنێك نیشانده‌دات ده‌یه‌وێت ئازادبێت له‌به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی رۆژگاری خۆی، به‌ڵام له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه دژایه‌تی ده‌كرێت. ئه‌ویش سڵ ناكات و هه‌وڵده‌دات. ته‌نانه‌ت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ش ده‌بێت كه له‌دیدی خۆیدا دووره له‌هه‌ست و سۆز. له‌ئه‌نجامیشدا دووچاری سزای سه‌خت ده‌بێت.
ساڵی دواتر له‌شانۆگه‌ری (ریتشاردی سێیه‌م Richard III)ی سۆرنتۆن ویلده‌ر، رۆڵی خانمه ئان و له‌شانۆگه‌ری (Antigone) ی سۆفۆكلیس رۆڵی ئه‌نتیگۆن و له‌شانۆگه‌ری (گالیسكه‌یه‌ك ناوی ئاره‌زووه A Streetcar Named Desire) ی تێنێسی ویلیامزیش رۆڵی بلانش دوبوا گێڕا. سه‌ركه‌وتنی له‌و كاره‌ی دوایی بووه هۆی ئه‌وه‌ی ساڵی 1951 له‌ته‌ك مارلۆن براندۆ و كیم هنتر و كارل مالدین و نی‌ك دنیس و ریتشارد گاریك و رودی بوند و پیگ هیلیاس و رایت كینگ و میكی كون هه‌مان ئه‌و رۆڵه له‌فیلمێك بگێڕێ كه ئیلیا كازانیش ده‌ریهێنا. فیلمه‌كه چیرۆكی ئافره‌تێكی تێكشكاو ده‌خاته‌ڕوو (بلانش دوبوا) كه ده‌چێته شاری نیو ئۆرلیانزی باشووری ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان تاكو لای خوشكه دووگیانه‌كه‌ی و هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌خانووه بچووكه‌كه‌یان بژیه‌ت و ناخۆشییه‌كانی ژیانی پێشوو له‌بیركات، به‌ڵام مێردی خوشكه‌كه‌ی كه مرۆڤێكی خۆپه‌رسته، به‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات. به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌و ناتوانێ له‌ڕووی ماددی یارمه‌تی خوشك و هاوسه‌ره‌كه‌ی بدات. بلانشیش كه زۆر په‌رۆشی خۆشه‌ویستی و سۆزه، شه‌یدای هاوڕێی مێردی خوشكی ده‌بێت كه ئه‌ویان به‌نه‌رمی دڵی ده‌داته‌وه. كاتێك مێردی خوشكی به‌وه ده‌زانێ زیاتر قینی هه‌ڵده‌ستێ و هێرشی ده‌كاته سه‌ر. هه‌موو كه‌سه‌كانی ناو ئه‌و كاره به‌ده‌ست دابڕان و نائارامی و دوور له‌سۆز ده‌ناڵێنن. ڤیڤیان له‌و كاره‌یدا جارێكی دیكه رۆڵێكی یه‌كجار گرنگی ناو سینه‌مای پێشكه‌شكرد كه ره‌خنه‌گران به‌یه‌ك له‌ڕۆڵه چاكه‌كانی ژنانه‌ی ناو مێژووی سینه‌مای ئه‌مه‌ریكی داده‌نێن. سه‌باره‌ت به‌به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و رۆڵه‌ی، تێنێسی ویلیامز له‌نامه‌یه‌كدا بۆی نووسی (لێره‌دا جارێكی دیكه به‌ختیارییه گه‌وره‌كه‌م ده‌رده‌بڕم، به‌راستی تۆ به‌و په‌ڕی لێهاتووییه‌وه رۆڵه‌كه‌ت به‌رجه‌سته‌كردووه. چاوه‌ڕوانم نه‌ده‌كرد. من قه‌رزارباری تۆ و ئه‌و ستایله جوانه‌تم كه له‌سه‌ر په‌رده پێشكه‌شتكرد). به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌شی بۆ جاری دووه‌م خه‌ڵاتی ئۆسكاری چاكترین ئه‌كته‌ری ژن و خه‌ڵاته‌كانی بافتا و كۆمه‌ڵه‌ی ره‌خنه‌گرانی نیو یۆرك و جامی گۆلپی فیستیڤاڵی ڤینیسیا و دواتریش خه‌ڵاتی سانت جۆردی پێبه‌خشرا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی كاندیدی خه‌ڵاتی گۆلدن گلۆبیش كرا.
له‌ساڵی 1953 به‌ره‌وسه‌ر، باری ده‌روونی و مێشكی ڤیقیان تێكچوو و جاربه‌جار دووچاری ده‌مارگرژی ده‌بوو. پێشتریش نیشانه‌كانی تووشبوون به‌نه‌خۆشی سیلی درێژخایه‌نی لێبه‌دیاركه‌وتبوو. ساڵی دواتر گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنی فیلمی (كاروانی فیل Elephant Walk) مۆر كرد بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی رۆڵی روس ویلی، له‌گه‌ڵ پیته‌ر فینش بۆ وێنه‌گرتن به‌ره‌و سیلان چوون به‌ڵام له‌به‌ر نائارامی مێشكی نه‌یتوانی ببێته مایه‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كه، بۆیه ده‌ستبه‌رداری بوون و له‌شوێنیدا خاتوو ئیلیزابێت ته‌یله‌ر رۆڵه‌كه‌ی گێڕا. ساڵی 1955 له‌شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپیر، (دوانزده شه‌و Twelfth Night) رۆڵی ڤیۆلا و (ماكبێس Macbeth) رۆڵی خانمه ماكبێس و (تیتوس ئاندرۆنیكوس Titus Andronicus) رۆڵی لاڤینیای گێڕا. هاوكات له‌ته‌ك كینیس مۆر و ئیریك پۆرتمان و ئیملین ویلیه‌مز و مۆرا لیسته‌ر و ئالیك ماككۆوین و داندی نیكۆلز له‌فیلمی (ده‌ریای شینی قووڵ The Deep Blue Sea) ی ئه‌ناتۆل لیتڤاكی ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی هیسته‌ر كولیری گێڕا. ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه له‌شانۆگه‌ریه‌كی تیرینس راتگان وه‌رگیراوه كه به‌هه‌مان ناو بڵاوكراوه‌ته‌وه. ساڵی دواتر له‌شانۆگه‌ری (بڵقی ده‌ریای باشوور South Sea Bubble) ی نۆیه‌ل كۆوارد، رۆڵی خانمه ئه‌لێكسه‌ندرا شۆته‌ر و ساڵی 1958 له‌شانۆگه‌ری (رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی فریشته‌كان Duel of Angels) رۆڵی پاولای گێڕا. ئینجا تا ده‌هات ته‌ندروستی زیاتر تێكده‌چوو و شێوه و روخساریشی به‌ره‌و سیسی و له‌رزین ده‌چوو. ساڵی1960 ئۆلیڤییه لێی جیابۆوه. له‌كاتی ته‌ڵاقدانی، ڤیڤیان ئه‌و رسته ناوداره‌ی ناو فیلمه‌كه‌ی بابردوو وته‌وه : (جارێكی دیكه برسی نابم).
ساڵی دواتر له‌ته‌ك وارین بیتی و جیل سانت جۆن و لۆتی لینیا و كۆرال براون و جێرمی سپێنسه‌ر و ستیلا بۆنهێر، له‌فیلمی (به‌هاری رۆمانی خاتوو ستون The Roman Spring of Mrs. Stone) ی خۆسی كوینتیرۆ، رۆڵی كارین ستۆن. ساڵی 1963 له‌شانۆگه‌ری ئاهه‌نگسازی (تۆڤاریچ Tovarich) رۆڵی ژنه دوكی گه‌وره تاتیانای یه‌كه‌می گێڕا و به‌هۆیه‌وه خه‌ڵاتی تۆنی به‌ده‌ستهێنا. ساڵی1965 له‌ته‌ك لی مارڤین و سیمۆنی سینۆری و خۆسێ فیرێر و ئۆسكار ڤیرنه‌ر و ئیلیزابێت ئاشلی و جۆرج سیگال و میشێل دون و چارلس كۆرڤین، له‌فیلمی (كه‌شتی گێله‌كان Ship of Fools) ی ستانلی كرامه‌ری ده‌رهێنه‌ر، رۆڵی ماری ترێدویلی گێڕا. به‌هۆیه‌وه خه‌ڵاتی ئه‌ستێره‌ی كریستاڵی پێبه‌خشرا. هاوكات له‌شانۆگه‌ری (لا كۆنتیسا La Contessa) رۆڵی كانتیزا سانزیانی و ساڵی دواتریش له‌شانۆگه‌ری (ئیڤانۆڤ Ivanov) رۆڵی ئانا پیترۆڤای گێڕا. ئینجا له‌شاری له‌نده‌ن به‌ته‌نیایی و غه‌مباری، رۆژی به‌سه‌ر برد تا له‌ڕۆژی 8 ی ته‌مموزی ساڵی 1967 كۆچی دوایی كرد. ئه‌وسا شانۆییه‌كانی له‌نده‌ن، ئه‌و شوێنه‌ی ڤیڤیان تێیدا هه‌نگاوی به‌ره‌و سینه‌ما و هۆلیود هاویشت، بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك روناكییه‌كانیان خامۆشكرا.
جگه له‌و شانۆگه‌ریانه‌ی ناومان هێنان ڤیڤیان لی وه‌ك ئه‌كته‌رێكی گه‌وره‌ی شانۆ له‌كۆمه‌ڵێك شانۆگه‌ری دیكه رۆڵی گێڕاوه و خه‌ڵاتی دیكه‌شی پێبه‌خشراوه. تا ئێستاش چه‌ندن فیلم له‌باره‌ی پێگه هونه‌رییه‌كه‌ی ئاماده‌كراوه و كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه و كتێبیشی له‌سه‌ر نووسراوه كه له‌ناویاندا له‌ده‌رگای جۆراوجۆری ژیانی تایبه‌تی و به‌های هونه‌ری دراوه، له‌وانه كتێبی (نه‌فره‌تت لێبێت سكارلیت ئۆهارا) له‌لایه‌ن داروبن پۆرته‌ر نووسراوه و كتێبی (ڤیڤیان لی: وێنه‌یه‌كی سۆزدار) كه له‌لایه‌ن خاتوو كه‌ندرا بین نووسراوه. له‌وه‌ی دووه‌مدا جگه له‌ژیاننامه، زۆر له‌و نامانه‌ش ده‌بینرێت كه ڤیڤیان ناردوویه‌تی، یاخود بۆی هاتووه كه هه‌ندێكیان له‌كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی وه‌ك شاژنی به‌ریتانی و ونستۆن چه‌رچلی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و سه‌رده‌می به‌ریتانی بۆی نووسرابوو. ئه‌مه‌و له‌به‌ر گرنگیشی له‌ساڵه‌كانی 1985 و 2013 وێنه‌كه‌ی كه‌وته سه‌ر پولی پۆسته‌ی وڵاته‌كه‌ی.
(ڤیڤیان لی) به‌رجه‌سته‌كه‌ری رۆڵه نه‌مره‌كان
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.