Erbil 17°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 04:33

مامۆستا به‌هرام: من له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ شیعرانه‌ نیم خوێنه‌ر ده‌یان جار بیخوێنیته‌وه‌ و تێی نه‌گات

کوردستان TV
100%


مامۆستا به‌هرام: لای من زۆر گرنگه‌ مانشێتی شیعر گوزارشت له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعر بكات.

نووسه‌رو شاعیری دیاری كوردستان به‌هرام محه‌مه‌د تاهیر- كاكل ناسراو به‌ (مامۆستا به‌هرام )، وه‌كو شاعیر و چیرۆك نووس شوێن په‌نجه‌ی له‌ نێو كتێبخانه‌ی كوردی دیاره‌، خزمه‌تێكی زۆری بواری ئه‌ده‌بی كردووه‌ خاوه‌نی چه‌ندین كتێبه‌ له‌بواری شیعر،رۆمان ،چیرۆك ،وه‌رگێران.. له‌ چه‌ندین گۆڤاری  وه‌كو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌ران كاری كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاگارداربوون له‌ كار و چالاكییه‌كانی ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌مان له‌ گه‌ڵدا ئه‌نجام دا.

هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس                 
*ده‌رگاكانی نووسینی شیعر زۆرن وه‌كو(دایك، یادگار، ئازار، غه‌ریبی،خه‌یاڵ..) به‌رێزتان له‌ كام ده‌رگاوه‌ شیعره‌كانت له‌نگه‌رده‌گرن؟
- به‌ڵێ ده‌رگاكانی نووسینی شیعر زۆرن. چونكه‌ شیعر باڵاخانه‌یه‌كی به‌رزه‌ و له‌ سه‌ر ڕووبه‌رێكی پان و پۆڕبنیات ده‌ندرێت،  بۆیه‌ بۆ هه‌وا گۆڕكێی دروست  چه‌ندین  ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی گه‌ره‌كه‌ دنیای نووسینی شیعر فراوانه‌ و ده‌رگاكانی چوونه‌ ناوه‌وه‌شی كراوه‌ن، هه‌تا ئه‌گه‌ر كراوه‌ش نه‌بن، مرۆڤ به‌و به‌هره‌ شاردراوه‌ و هه‌سته‌ ناسكه‌ و ئاره‌زووه‌ په‌نگخواردووه‌ و  ویسته‌ به‌هێزه‌ی له‌ ناو ناخ و مێشك و دڵی دا هه‌نه‌ "ده‌توانی ده‌رگاكان بكاته‌وه‌..واته‌ ئه‌گه‌ر كلیله‌كانی  به‌هره‌و هه‌ست و ویست و ئاره‌زوو هه‌بێت ده‌تواندرێ ده‌رگاكان بكرێنه‌وه‌.

 به‌ڵێ من چه‌ند كلیلێكی ئه‌و ده‌رگایانه‌ به‌كار ده‌هێنم ، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ده‌رگایه‌ك له‌و ده‌رگایانه‌م به‌ ئاسانتر بۆ بكرێته‌وه‌.. پێم وایه‌ شیعر ئه‌گه‌ر بۆ خۆشه‌ویستی خاك و دایك و جوانی نه‌بێت ، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ به‌ نه‌فره‌ت نه‌كات , هه‌ناوی ببرسییه‌ك  نه‌خاته‌ به‌رچاوی تێران ، منداڵێك له‌ باوه‌شی شیعردا هه‌ست به‌ ئارامی نه‌كات ، ژنێك پێیه‌وه‌ سه‌ربه‌رز نه‌بێت، كێرڤی وره‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك و شه‌ڕڤانێك له‌ مه‌وره‌د نه‌دات و تیژی نه‌كاته‌وه‌،پێیه‌ خواره‌كان ئاگادار نه‌كاته‌وه‌ و هه‌وڵدان نه‌بێت  بۆ ڕاستكردنه‌وه‌یان ،ئه‌وه‌ هه‌ر نه‌بێت باشتره‌.

*زۆرێك له‌ شاعیران كاتێكی دیاركراویان نییه‌ بۆ شیعر نووسین ئێوه‌ كاتێكی دیاركراوتان هه‌یه‌ بۆ شیعر نووسین بۆ (شه‌و،به‌یانی ،ئێواره‌..)؟
 - ئه‌و كاته‌ شیعر ده‌نووسم  كه‌ شیعر خۆی سه‌ره‌تاتكێم له‌ گه‌ڵدا ده‌كات و هانام بۆ ده‌هێنی بۆ ئه‌وه‌ی بینووسم.. ئه‌و كاته‌ شیعر ده‌نووسم كه‌ دێت قدیلانه‌ی هه‌سته‌كانم ده‌كاته‌وه‌.. 
شیعر كات و ساتی دیاری كراوی نییه‌..  به‌یانی و ئێواره‌و شه‌و و نیوه‌ شه‌و لای ئه‌ونییه‌ ، هه‌ر كاتێك ویستی  دێت و له‌ ده‌رگات ده‌دات، ئه‌گه‌ر ئازای زوو ده‌رگای لێ ناكه‌یه‌وه‌ و پێشوازییه‌كی گه‌رم و گوڕی لێ ناكه‌ی.. ئیدی  چیدی به‌و شێوه‌ جوانییه‌ و ڕه‌زا سووكییه‌ی هاتووه‌ نایبینییه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ جارێكی دی و به‌ شێوه‌یه‌كی دی،  جیا له‌وه‌ی پێشتر بێته‌وه‌..


 *پێتان وایه‌ شیعر ته‌ینا گوزارشت له‌ خه‌م و دووری نه‌هامه‌تی ده‌كات؟ یان په‌نجه‌رێكه‌ بۆ هیوا و ستاتیكا؟
- ئێمه‌ میلله‌تێكی به‌ش مه‌ینه‌ت و ماف خوراو و سته‌م لێكراوین، مێژوو فه‌رامۆشی كردووین و جوگرافیاش دژمانه‌،  ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی نووسه‌ر و شاعیر و چیڕۆك نووس و ڕۆمان نووس، هه‌روه‌ها مێژوونووسان هه‌ر كه‌سه‌و له‌لای خۆی ئه‌و ڕاستییانه‌ نه‌خاته‌ به‌ر گوێ و چاوی جیهان ئه‌دی ده‌بی كێ بیكات.. خۆ ناكرێت له‌ به‌رامبه‌ر  شكست پێهێنانی شۆڕشێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵی كڕ و بێ ده‌نگ بی و شیعرێكی بۆ نه‌نووسی، چۆن ده‌كرێ ئه‌نفال و كیمیاباران فه‌رامۆش بكه‌ی و جیهانی لێ تێنه‌گه‌یه‌نیت، ئایا ده‌كرێ (درۆن) بارانت بكه‌ن و به‌ شیعر نه‌ڵێی ئۆف.؟ ده‌كرێ وڵاتت پارچه‌ پارچه‌ بێت و خه‌می بۆ نه‌خۆی.؟ پاكیزه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ت تۆبزی گێ (اغتصاب) بكرێن و جه‌رگت بۆیان نه‌سووتێت.؟..به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ش، خۆ ناكرێت شیعر بكه‌ینه‌ ئامرازی پرسه‌ دانان و قوڕ پێوان  به‌ڵكو ده‌كرێت و  ده‌توانین بیكه‌ینه‌ په‌نجه‌ره‌یه‌ك بۆ هیوا به‌خشین و  وره‌ به‌رزكردنه‌وه‌.. 
          
*زۆرێك له‌ شاعیران كه‌ شیعر ده‌نووسن بۆخۆیان ده‌نووسن، ئایا شیعره‌كانی تۆ په‌یامێكی بۆ خوێنه‌ر له‌ خۆ ده‌گرێت؟
- بڕوا ناكه‌م شاعیرێكی شاعیر، كه‌ زۆربه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی شاعیریی تێدابی به‌و جۆره‌ بیر بكاته‌وه‌ كه‌ شیعر ته‌نها بۆ خۆی بنووسی.. ئه‌وه‌ قسه‌ی من نییه‌ ، له‌ مێژه‌ گوتویانه‌: (شاعیر كه‌ ده‌قێكی شیعریی ده‌نووسی تا ئه‌و كاته‌ی بڵاوی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و شیعره‌ هی خۆیه‌تی، به‌ڵام كه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ ده‌بێته‌ موڵكی هه‌موو خوێنه‌رانی.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یامی هه‌مه‌ جۆر هه‌یه‌، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر شاعیرێكیش  جۆره‌ په‌یامێكی  له‌و جۆرانه‌ هه‌بێت كه‌ له‌  شاعیرێكی دیكه‌ی جیا بكاته‌وه‌..په‌یامی من له‌ شیعر نووسین دان كه‌ ئامانجی  سه‌ره‌كیشمه‌، بریتییه‌ له‌: 
* زمان : كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ستونده‌ هه‌ره‌ به‌ هێزه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕه‌شماڵی سێ ئه‌ستونده‌ی شیعره‌كانم...من ده‌مه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی زمانی پاراوو ڕه‌سه‌نه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌م بگه‌ینمه‌ خوێنه‌رانمه‌وه‌ و سه‌رنجیان بۆ شیعره‌كانم  ڕابكێشم ، له‌ هه‌مان كاتدا چه‌ندین وشه‌ی ڕه‌سه‌نی مردوو زیندوو بكه‌مه‌وه‌.. (دیلان تۆماس) ی شاعیری پایه‌ به‌رزی به‌ریتانیا ده‌ڵێت: من كه‌ قه‌سیده‌یه‌ك ده‌خوێنمه‌وه‌ ، سه‌ره‌تا وشه‌ جوانه‌كان  سه‌رنجم ڕاده‌كێشن ، دواتر بیرۆكه‌ی شیعره‌كه‌.. 

 * بیرۆكه‌:  واته‌ خولانه‌وه‌ به‌ ده‌وری جغزی یه‌ك بیرۆكه‌، نه‌ك تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ كردن، چونكه‌ شیعر چیڕۆك و ڕۆمان نییه‌ بواری باز بازانێی تێدابێت، خوێنه‌ر و ئاره‌زوومه‌ندانی شیعر خه‌ز له‌ شیعری درێژ و تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ ناكه‌ن.

* ئاڵۆزی و ته‌م و مژاویی : شیعر مه‌ته‌ڵ  نییه‌ هه‌ڵی بێنی ، من له‌ گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ شیعرانه‌ نیم خوێنه‌ر ده‌یان جار بیخوێنیته‌وه‌ و تێی نه‌گات، یان چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێ ، یان ئانه‌ پانه‌ی بۆ بكرێ.. كه‌وانه‌ شیعر ده‌بێت  ڕه‌نگ و بۆن و تامی هه‌بێت و پێیانه‌وه‌ بناسرێته‌وه‌.. بۆ یه‌كه‌م جار كه‌ سه‌یری شیعر ده‌كه‌ی ئه‌گه‌ر شاعیر بی ، یان خوێنه‌رێكی به‌رده‌وامی شیعر بی، به‌ ڕه‌نگه‌كه‌ی ده‌زانی خۆماڵییه‌ یان نا..بۆنی مانشێتی شیعره‌كه‌ ئاره‌زووی خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ زیاد ده‌كات..  بیخوێنه‌وه‌و بڕۆ ناو قووڵایی شیعره‌كه‌ ئینجا ده‌زانی تامی شیرینه‌ یان تفت  و تاڵ.

*مانشێتی شیعره‌كانت سه‌رنج راكێشن تاچه‌ند گوزراشت له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانت ده‌كات ، پێتان وایه‌ مانشێتی شیعر ده‌بێ گوزراشت له‌ ناوه‌رۆك بكات؟
 - به‌ڵێ لای من زۆر گرنگه‌ مانشێتی شیعر گوزارشت له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعر بكات ، چونكه‌ زۆر له‌ خوێنه‌رانی شیعر(هه‌تا خوێنه‌رانی بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی نووسین و چیڕۆك و ڕۆمانیش) ئه‌گه‌ر مانشێتی شیعره‌كه‌ سه‌رنج ڕاكێش نه‌بێت له‌وانه‌یه‌ شیعره‌كه‌ پشتگوێ بخه‌ن و نه‌یخوێننه‌وه‌.

*شاعیری فه‌رنسی (لویس ئارگونی) ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر شیعر نه‌بوایه‌ هه‌موومان تووشی خوورپه‌ی(سه‌كته‌) دڵ ده‌بووین،بۆچوونت له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ چیه‌؟
 - له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌یه‌ شیعر هه‌ر هه‌بووه‌ و تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه‌ ، خه‌ڵكیش هه‌ر تووشی خوورپه‌ی دڵ بووه‌ و ده‌بی، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژیش كه‌سانی تووشی خوورپه‌ی دڵ ده‌بن له‌ زیاد بوون دانه‌، له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌شیان شاعیربن.. من قسه‌ی ئه‌و هاوڕێ شاعیره‌مان به‌و نوكته‌یه‌ ده‌چوێنم (ده‌شوبهێنم) كه‌ كابرایه‌كی سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تێك  له‌ ناو خه‌ڵكی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی خۆی گۆتبوو : ئه‌رێ ئه‌وانه‌ی له‌ عه‌شیره‌تی ئێمه‌ نینه‌ كوو ده‌توانن بژین!!!  من ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی سه‌رله‌ به‌ری ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ نه‌بم ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ كه‌سێكی لاوازی هه‌ست ته‌نك و ناسك شیعرێكی پڕ له‌ ئازارو خه‌م و نه‌هامه‌تی بخوێنێته‌وه‌ كاری لێ بكات و تووشی خوورپه‌ی دڵی بكات ،كه‌ ئه‌وه‌ش زۆر ده‌گمه‌ن ڕووده‌دات  
 خه‌ڵكی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی خۆی گۆتبووی: ئه‌رێ ئه‌وانه‌ی له‌ عه‌شیره‌تی ئێمه‌ نینه‌ كوو ده‌توانن بژین!!!!  من ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی سه‌رله‌ به‌ری ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ نه‌بم ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ كه‌سێكی لاوازی هه‌ست ته‌نك و ناسك شیعرێكی پڕ له‌ ئازارو خه‌م و نه‌هامه‌تی بخوێنێته‌وه‌ كاری لێ بكات و تووشی خوورپه‌ی دڵی بكات ,،كه‌ ئه‌وه‌ش زۆر ده‌گمه‌ن ڕووده‌دات..
 *چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئاستی شاعیره‌ لاوه‌كان؟
- پێم وایه‌ ئه‌و هه‌ویره‌ ئاوی زۆری ده‌وێ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌و په‌له‌ په‌لییه‌ی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی پرسارێك ئاستی لاوه‌كانمان هه‌ڵبسه‌نگێنم هه‌له‌مه‌.. ته‌نها من ئه‌وه‌ ده‌ڵێم: كه‌م كه‌س هه‌یه‌ چه‌ندین شیعری (حاجی قادرو فایه‌ق بێكه‌س و گۆران و........هتد) له‌به‌ر  نه‌كردبی ، كه‌چی ئێستا كه‌م كه‌س ، یان به‌ده‌گمه‌ن هه‌یه‌ بتوانی شیعرێكی نوێ ئه‌زبه‌ر بكات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  سه‌رو بنیان یه‌ك ناگرنه‌وه‌ ، یان ئه‌و ئاوازو مۆسیقایه‌ی له‌واندا هه‌یه‌ ، ئێستا ناڵێم هه‌ر نییه‌ ، به‌ڵام ده‌گمه‌نه‌..

*جگه‌ له‌ بواری نووسینی شیعر له‌ چیرۆك نووسینش ئه‌سپی خۆتان تاوداوه‌ چه‌مكی چیرۆكه‌كانت له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؟
- به‌ڵێ دوو كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆك و ڕۆمانێكم  چاپ كردووه‌ ، ڕۆمانێكیشم له‌به‌ر ده‌سته‌ زۆری نه‌ماوه‌ ته‌واوی بكه‌م..  پێم وایه‌ ، ڕۆمان و چیڕۆك و شیعر سێ برای گه‌وره‌ و ناوه‌نجی و بچووكن، به‌ڵام به‌ جه‌سته‌و خه‌سڵه‌ت جیاوازن..  لای من چیڕۆك و ڕۆمان نووسین، له‌ نووسینی شیعر ئاسانتره‌.. شیعر تیف تیفه‌ی زۆری ده‌وێ، واته‌ گه‌ڕان به‌ دوای  وشه‌ی جوانی ئاوازبه‌خش  به‌ جۆرێك له‌ گه‌ڵ نۆته‌ی مۆسیقا بسازێت..هه‌روه‌ها شیعر به‌ ده‌ربڕینێكی كه‌م مانایه‌كی زۆرت پێ ده‌به‌خشی، كه‌چی له‌ نووسینی چیڕۆك و ڕۆمان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ده‌توانی درێژدادڕی بكه‌یت  و ئه‌و هه‌موو جوانكارییه‌ی شیعریشی  ناوێت.. چیڕۆك و ڕۆمانه‌كانیشم هه‌ر زیاتر له‌ مه‌ینه‌تی و نه‌هامه‌تییه‌كانی  نه‌ته‌وه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ ده‌گرن ، هه‌تا ئه‌گه‌ر چیڕۆكێكی خۆشه‌ویستیش بنووسم ناتوانم له‌گه‌ل به‌دبه‌ختییه‌كی میلله‌ته‌كه‌م تێكه‌ڵی نه‌كه‌م.. 
           
نووسه‌ر و چیرۆك نووس "محمد تاهیر- كاكل، ناسراو به‌ (مامۆستا به‌هرام ) له‌ چه‌ند دێرێك دا:
* ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌ 
*ئه‌ندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تییه‌ 
*ئه‌ندامی یه‌كیه‌تی نووسه‌رانی كورده‌ 
*،ئه‌ندامی یه‌كیه‌تی مامۆستایانی كوردستانه‌ 
*ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری (ھه‌رێمی كوردستان) بووكه‌له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌رده‌چوو.
*ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری (داد) بوو كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داد ده‌رده‌چوو. 
تاكو ئێستا ئه‌م كتێبانه‌ی به‌ چاپ گه‌یاندووه‌:
- كاتم به‌فیڕۆ ناده‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك بۆ منداڵان 2005
 -ڕۆشنبیری ... كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی وه‌رگێڕان 2006
 - كورد- عه‌ره‌ب- شۆڤێنیزم وه‌رگێڕان 2009
- شه‌لم كوێرم ناپارێزم كۆمه‌ڵێك وتاری خۆی 2010
- ئه‌وه‌شمان فت كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك 2014
- ڕه‌وشت و سیاسه‌ت برتراند ڕاسل وه‌رگێڕان 2015
- ئێمه‌ كێین؟ سامویل. ب. ھنتگتۆن وه‌رگێڕان 2016
- زامه‌كان ده‌كولێنه‌وه‌ ڕۆمان به‌رھه‌می خۆی 2018
- كه‌زی دایكمیان بڕیوه‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك - خۆی 2019
 - تووڕه‌م له‌ ھه‌ور و با شیعر2024
شكۆی شاژنایه‌تی خۆرم شكاند شیعر2024
 *ئه‌م كتێبانه‌شی ئاماده‌ن بۆ چاپ:
-راپه‌ڕینی جووتیاران - رۆمان.
-ململانێی زلھێزه‌كان كۆمه‌ڵێك وتاری وه‌رگێڕدراو.
- له‌ گونده‌وه‌ بۆ شار - رۆمان .

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.