Erbil 26°C شەممە 28 ئەیلوول 03:29

دیداری نێوان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا و سه‌رۆكی ڕووسیا مشتومڕێکی زۆری لە ناو یەکێتیی ئەورووپا لێکەوتووەتەوە

کوردستان TV
100%


سەردانە چاوەڕەواننەکراوی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان لە مۆسکۆ کە هاوکات سەرۆکی خوولی یەکێتیی ئەورووپایە، کاردانەوەی ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپای لێکەوتووەتەوە و داوا دەکرێت بەرپرسیارێتی یەکێتییەکەی لێ بستێندرێتەوە.

سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان بۆ مۆسکۆ کە خۆی بە "دەستپێشخەری ئاشتی" ناوی هێنابوو و دیداری لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین، مشتومڕێکی زۆری لە ناو یەکێتیی ئەورووپا لێکەوتووەتەوە. گرووپە سیاسییەکان لەناو یەکێتیی ئەورووپا داوا دەکەن ماددەی ٧ لە یەکێتییەکەیان جێبەجێ بکرێت و سەرۆکایەتی خوولی یەکێتیی ئەورووپا لە هەنگاریا بستێندرێتەوە و بدرێت بە پۆلۆنیا.

هەریەکە لە سەرۆکی کۆنسەی ئەورووپا چارلز میشێل، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل و هەروەها بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ئەو سەردانەوە ڕەخنەیان لە ئوربان گرتووە.

چارلز میشێل لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئۆربان بۆیە نییە بە ناوی سەرۆکی خوولی یەکێتیی ئەورووپا و یەکێتییەکە، پەیوەندی بە مۆسکۆ بگرێت و هۆشداری ئەوەشی داوە کە ناوبراو نوێنەرایەتی یەکێتییەکە ناکات. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەوە زیان بە یەکێتیی ئەورووپا دەگەیەنێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان بۆ مۆسکۆ، کۆبوونەوەکانی یەک لە دوای یەکی بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بابەتەکە بەردەوامە و ڕۆژەڤی ئەوە هاتووەتە بەر باس کە سەرۆکایەتی خوولی یەکێتییەکە لە هەنگاریا وەربگیرێتەوە و بدرێت بە پۆلۆنیا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.