نوێترین كاری دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ئیلۆن ماسك ملیاردێری ئەمەریكی دروستكردنی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونە لەسەر هەسارەی مەریخ، پلانەكەش وا دانراوە لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا جێبەجێ بكرێت.
رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تایمز)ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە: ماسك فەرمانبەرانی كۆمپانیای (سپێس ئێكس)ی راسپاردووە لە نزیكترین كاتدا نەخشەی شارێك لەسەر مەریخ دروست بكەن كە لە چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ پێك بێت.
هەروەها بڵاوی كردەوە: ئێستا تیمێكی دیكەی كۆمپانیاكە خەریكی دروستكردنی جلوبەرگ و بنیاتنانی چینی پاراستنی شارەكەن بەشێوەیەك كە بەرگەی كەشوهەوای قورس و مەترسیداری سەر گۆی هەسارەی مەریخ بگرێت.
بڵاویشی كردەوە: ملیاردێرەكەی ئەمەریكا هەوڵەكانی بەتەواوی چڕكردۆتەوە و چەند تیمێكی تریشی راسپاردووە كار لەسەر پڕۆژەكە بكەن، لەوانە تیمی پزیشكی بۆ وەچەخستنەوە و زانایانی گژوگیا و خۆراك و ئاژەڵان بۆ ئەوەی لە كاتی گەشتەكەدا چەندین جۆر بەرهەم و نەمام و ئاژەڵ ببەن بۆ سەر هەسارەی مەریخ.
رۆژنامە ئەمەریكییەكە ئاماژەی بەوەش دا كە هەرچەندە پڕۆژەكە ئێستا لە قۆناخی سەرەتایە، بەڵام ئیلۆن ماسك هەوڵەكانی خێرا و چڕ كردۆتەوە بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە، جگە لەوەش فەرمانبەرانی كۆمپانیاكە پێشبینییان كردووە لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت و ژیانكردنی مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ لە خەونەوە ببێتە راستی.
پلانی ماسك بۆ ناردن و ژیانكردنی مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ زۆر بە نهێنی ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەنجامدانی پلانەكەش ئامادەیی خۆی نیشانداوە 47 ملیار دۆلاری سەرمایەی كۆمپانیای (تێسلا) خەرج بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.