ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای كەوتنەوەی بوومەلەرزەیەك لە كانێكدا لە وڵاتی پۆڵەندا، 78 كرێكار گیریان خوارد و هەوڵەكانیش بۆ رزگاركردنیان بەردەوامە.
كانەكە كە دەكەوێتە هەرێمی سیلیزیا لە باشووری پۆڵەندا، لە كاتی كاركردنی كرێكارەكان لەژێر زەوی بوومەلەرزە روویداوە و بەهۆیەوە بەشێك لە كانەكە داڕماوە و رێگاكان داخراون.
دوای چەند كاتژمێرێكی كاركردن، لەلایەن تیمەكانەوە توانرا 76 لە كرێكارەكان رزگار بكرێن، لەوانە 17 كرێكاریان راستەوخۆ رەوانەی نەخۆشخانە كراون بەهۆی ئەوەی لە كاتی داڕمانی كانەكەدا ئازاریان پێ گەیشتبوو.
ئێستا دوو كرێكار لەنێو كانەكە و لەژێر زەویدا ماون و نەتوانراوە رزگار بكرێن، بەگوێرەی زانیارییەكان شوێنی یەكێك لە كرێكاران زانراوە، بەڵام تیمەكان بەهۆی سەختی شوێنەكە تا ئێستا پێی نەگەیشتوون.
هەرچەندە كارەكان بۆ رزگاركردنی ئەو دوو كرێكارەی ماون بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما و مەترسی دروستبوونی پاشبوومەلەرزەی تر، كاری تیمەكانی سەختتر كردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.