ئەمڕۆ هەینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی گشتیی لە بەریتانیا راگەیەنرا كە تێیدا پارتی كرێكاران زۆرینەی دەنگەكانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و پارتی فەرمانڕەواش كە پارتی پارێزگارانە شكستی گەورەی هێناوە.
بەگوێرەی ئەنجامەكان كە ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی كردۆتەوە، پارتی كرێكاران لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی بەریتانیا 410 كورسی پەرلەمانیان لە كۆی 650 كورسی بەدەستهێناوە.
پارتی پارێزگارانیش كە پارتی دەسەڵاتدارە بە سەرۆكایەتی ریشی سۆناك، شكستی گەورەی هێناوە و لە ریزبەندی دووەمە بە بەدەستهێنانی تەنیا 131 كورسی پەرلەمان.
پارتی لیبڕال دیموكراتەكان ئەوانیش لە ریزبەندی سێیەمن بە بەدەستهێنانی 71 كورسی پەرلەمان.
بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی بەریتانیا هەر پارتێك پێویستە 326 كورسی پەرلەمانی هەبێت، بەڵام پارتی كرێكاران زۆر لەو رێژەیە زیاتری بەدەستهێناوە كە 410 كورسییە، بەمەش پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەت لەلای ئەو دەبێت.
بەم ئەنجامە پارتی كرێكاران دوای 14 ساڵ دەسەڵاتدارێتی پارتی پارێزگاران، شكستیان بە باڵادەستی ئەو پارتە هێنا و فەرمانڕەوایەتی داهاتووی وڵاتەكە دەگرنەوە دەست.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانیش، ریشی سۆناك سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پارتی پارێزگاران بەفەرمی دانی بە شكستی پارتەكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا دانا.
ریشی سۆناك جەختیشی كردەوە كە ئەو بەرپرسیارەتی تەواوی شكستەكە لە ئەستۆ دەگرێت، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیشدا پیرۆزبایی لە كیەر ستامەر سەرۆكی پارتی كرێكاران كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.