Erbil 2°C پێنجشەممە 02 کانوونی دووەم 23:23

پۆڵا ئیسماعیل: ئامێری فلوت ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕۆح و جه‌سته‌ دروست ده‌كات

کوردستان TV
100%


میوزیكژه‌ن(پۆڵا ئیسماعیل عومه‌ر)، یه‌كێكه‌ له‌و ژه‌نیارانه‌ی كه‌ شوێن په‌نجه‌ی له‌نێو هونه‌ری میوزیكی دیاره‌، سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كاری هونه‌ری  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2002 - 2003، ئه‌و كاته‌ی كه‌ ده‌چێته‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كۆیه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ندی ڕه‌وانشاد(سه‌ردار ئه‌حمه‌د) ده‌ست به‌ ژه‌نینی میتۆدی(فلوت) كردووه‌، دوای ته‌واو كردنی په‌یمانگا ده‌چێته‌  كۆلیژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین به‌شی میوزیك به‌ پله‌ی نایاب  ته‌واو ده‌كات.


هونه‌رمه‌ند پۆڵا ئیسماعل له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سێوه‌بووه‌، له‌ ساڵی 2009 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ و له‌و كاته‌وه‌ تاكو ئێستا به‌رده‌وامه‌ خاوه‌نی چه‌ندین ئاواز و گۆرانییه‌، به‌شداری له‌ چه‌ندین به‌رهه‌می تیپی باواجی كۆیه‌ كردووه‌،  بۆ زیاتر ئاشانا بوون به‌ كاره‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌ چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه‌. 

هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس 
*چی وای له‌ تۆ كرد ببیت به‌ ژه‌نیار؟ بۆچی له‌ نێو ئامێره‌كانی موزیك ئامێری (فلوت)ت هه‌ڵبژارد؟
- خۆشه‌ویستیم بۆ هونه‌ر و  له‌پاڵیدا په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان پاڵنه‌ری سه‌ره‌كیم بوون بۆ ئه‌وه‌ی بێمه‌ ناو كایه‌ی هونه‌ری و ببم به‌ ژه‌نیار ، هونه‌ری ئاست به‌رز و ژه‌نینه‌كانی مامۆستا "سه‌ردار ئه‌حمه‌د وای كرد حه‌زی زیاترم بۆ هونه‌ر هه‌بێت و ئامێری فلوتی لا خۆشه‌ویست كردم بۆیه‌ له‌وكاته‌وه‌ ئامێری فلوتم هه‌ڵبژارد و تائێستا به‌رده‌وامم.


تایبتمه‌ندیه‌كانی ئامێری فلوت چین؟
- یه‌ك له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئامێری فلوت لای من جگه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ ئه‌كادیمی و زانستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئامێرێكی هه‌واییه‌، بۆیه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ ڕۆح و جه‌سته‌، ژه‌نیار ده‌توانێت ئه‌و په‌یامه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی و له‌ ناخیه‌تی به‌ ته‌واوی بیپێكێ و بیگه‌نێته‌ گوێچكه‌ی گوێگرانی.


*جگه‌ له‌ ژه‌نینی فلوت خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌می گۆرانیشی،زیاترخۆت له‌ ژه‌نیین ده‌بینیته‌وه‌ یان گۆرانی گوتن؟
- به‌ڵێ چه‌ند به‌رهه‌مێكم هه‌یه‌ كه‌ تۆمارم كردوون وه‌ك گۆرانی بێژ، چه‌ند به‌رهه‌مێكیشم ڤیدیۆ كلیپم بۆ ئه‌نجام داوه‌، زۆر له‌ گۆرانییه‌ كۆن و ڕه‌سه‌نه‌كانی كۆیه‌شمان تۆماركردوون كه‌ خۆم وه‌ك كۆڕس تیایدا به‌ژداریم كردوون، گشت ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ئاواز و میلۆدی جوانن و جێی شانازین به‌ڵام من هه‌موو كات حه‌زم به‌ ژه‌نین كردووه‌ و ئامێره‌كه‌م لا سه‌ره‌كی تر بووه‌. 


*بوونی ئامێری فلوت له‌ نێو ئامێره‌كانی دیكه‌ی میوزیك تا چه‌ند گرنگه‌؟
- بۆ تێكهه‌ڵكێشی ده‌نگه‌كانی مۆسیقا و ڕه‌نگاو ڕه‌نگ كردنی میلۆدیه‌كان هه‌ر ئامێرێكی موزیكی گرنگی خۆی هه‌یه‌ له‌ نێو هه‌موو گرووپه‌ مۆسیقه‌كان، ئامێری فلوتیش یه‌كێكه‌ له‌و ئامێرانه‌ كه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ ڕه‌نگێكی دیكه‌ ده‌به‌خشێت به‌ هه‌ر گروپێكی میوزیكی جا ڕۆژئاوایی بێت یاخوود ڕۆژهه‌ڵاتی.


*ئه‌زموونت له‌گه‌ڵ ئاواز دان چۆنه‌؟
- له‌باره‌ی ئاوازدانانه‌وه‌ ئه‌زموونێكی زۆر زۆر باشم نیه‌، چونكه‌ من زیاتر گرنگیم به‌ لایه‌نی ژه‌نین داوه‌ و هه‌وڵم داوه‌ له‌و لایه‌نه‌ زۆرتر سه‌ركه‌وتوو بم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا چه‌ند ئاوازێكم هه‌یه‌ و كارم له‌سه‌ریان كردووه‌ كه‌ ژماره‌یان زۆر نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌م ژماره‌یه‌ كه‌مه‌ش هه‌وڵم داوه‌ مۆركی ڕه‌سه‌نایه‌تی بپارێزم له‌ ئاوازه‌كان دا.


*كامه‌ن ئه‌و ژه‌نیارانه‌ی كه‌ به‌ژه‌نینیان سه‌رسامیت له‌ هه‌مان كاتدا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر به‌ڕێزت هه‌بووه‌؟
- وه‌ك له‌ پێشتردا ئاماژه‌م پێدا مامۆستا  سه‌ردار ئه‌حمه‌د یه‌كێكه‌ له‌و مامۆستا و ژه‌نیارانه‌ی كه‌ تا مردن شانازی پێوه‌ ده‌كه‌م و كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌رم هه‌بووه‌،  داواكارم له‌ خوای مه‌زن ڕۆحی شاد بكات و جێگای به‌هه‌شت بێت انشاالله‌، مامۆستا سه‌رتیپ ئه‌حمه‌د كه‌ هیوای ته‌من درێژو ته‌ندروست باشی بۆ ده‌خوازم ئه‌میش یه‌كێكه‌ له‌و ژه‌نیارانه‌ی كه‌ هه‌رده‌م جێگه‌ی شانازییه‌ بۆ كوردستان و ژه‌نینه‌كانی و ئاستی هونه‌ری هه‌موو كات سه‌رسامم ده‌كات، هه‌موو میلۆدی و ئاوازێكی جوان یاخوود كه‌سایه‌تیه‌كی هونه‌ری ئاست به‌رزی تر كه‌ زۆر جار له‌وانه‌یه‌ كوردیش نه‌بێت سه‌رسامم ده‌كات و ده‌بێته‌ جێی تێڕامانم وا ده‌كات به‌ به‌رده‌وامی گوێگریان بم.

به‌ڕسته‌یه‌ك چۆن ئه‌م وشانه‌ پێناسه‌ ده‌كه‌یت:
 تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌: قوتابخانه‌ی ئاواز و میلۆدی ناسنامه‌ی هونه‌ری ڕه‌سه‌نه‌ له‌ كوردستان .

تایه‌ر تۆفیق: ده‌نگێكی فڕه‌ ڕه‌نگی پڕ له‌ جوانی زیندوو بۆ هه‌میشه‌ نه‌مر.

تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌: تیپێكی نوێگه‌ر پڕ  له‌ میلۆدی و پڕ له‌ ئاوازی جوان، تیپێك وه‌ك خه‌ره‌ندی ڕواندز سه‌خت له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی.

په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كۆیه‌: ڕه‌نگێكی نوێ و زانستی تیپی باواجی و كارگه‌ی هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیارانی مه‌یدانی هونه‌ری ئێستا.

هونه‌رمه‌ند پۆڵا ئیسماعیل له‌ ساڵی1987 له‌ شاری كۆیه‌ له‌دایك بووه‌، هه‌ر له‌ كۆیه‌ش زۆربه‌ی قۆناغه‌كانی خوێندنی ته‌واو كردووه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ندین تیپی میوزیكی كاری كردووه‌ وه‌كو:
- كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین هه‌ولێر. 
- په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی شه‌هید جه‌عفه‌ر له‌ كۆیه‌.
- ئۆركێسترای كوردستان له‌ هه‌ولێر.
- ئۆركێسترای كۆیه‌.
 - ئۆركێسترای ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان تیڤی. 
- تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌.
 - گروپی میوزیكی سێوه‌. 
- كۆڕی هونه‌ریی حیزبی دیموكراتی ئێران.
- خانه‌ی سێوه‌ی منداڵان و چه‌ند شوێنێكی تر.
 - گروپی ڕۆژئاوایی باواجی.  
- زانكۆی كاسۆلیكی هه‌ولێر. 
 - ئۆركێسترای سۆل دۆ.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.