Erbil 15°C یەکشەممە 30 حوزەیران 21:45

وڵاتان بەردەوام هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییانیان لوبنان جێبهێڵن

کوردستان TV
100%

بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا، بەشێكی زۆر لە باڵیۆزخانەی وڵاتانی جیهان هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانیان گەشتی وڵاتی لوبنان نەكەن و هەروەها ئەوانەشی لەوێن بەزووترین كات وڵاتەكە چۆڵ بكەن تا بارودۆخەكە لە دەست دەرنەچووە.

ئەو باڵیۆزخانانەی تا ئێستا هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانیان گەشتی وڵاتی لوبنان نەكەن یاخود لە زووترین كاتدا وڵاتەكە جێبهێڵن بریتین لە ئەمەریكا، كەنەدا، فڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا و چەندانی وڵاتی تریش.

باڵیۆزخانەكان بەردەوام داوا لە هاووڵاتییانیان دەكەن كە تا دۆخەكە ئاڵۆزتر نەبووە و جەنگ لەنێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا دروست نەبووە و بارودۆخ لە دەست دەرنەچووە، خاكی لوبنان جێبهێڵن و بگەڕێننەوە وڵاتەكانیان یاخود نزیكترین وڵاتی سەلامەت.

باڵیۆزخانەكان هەروەها هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانیان كە تا گەشتە ئاسمانی و فڕۆكەكان بەردەستن، خاكی لوبنان جێبهێڵن، چونكە لە كاتی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان سوپای ئیسڕائیل و چەكدارەكانی حزبوڵا دەستكەوتنی فڕۆكە ئەستەم دەبێت، هەروەها رێگەیەكی سەلامەتیش بۆ جێهێشتنی لوبنان زەحمەت دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە كە تا دێت ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا بەرەو هەڵكشان دەچێت و نزیكە لە هەڵگیرسانی شەڕ و دەستپێكردنی جەنگێكی گەورە، سەرەڕای ئەوەی ئێستاش هەردوولا بەردەوام هێرشی درۆنی و بۆمب بەرامبەر یەكتر ئەنجام دەدەن.

یوئاف گالانت وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل رۆژی چوارشەمی رابردوو رایگەیاندبوو كە ئەگەر هەوڵە دبلۆماسییەكان لەگەڵ حزبوڵا سەر نەگرێت، جەنگێك دروست دەكەن سەر و بنی دیار نەبێت و لوبنان دەگەڕێننەوە چاخی بەردین.

جەختیشی كردبووەوە كە ئەوان وەك ئیسڕائیل نایانەوێ جەنگەكە هەڵبگیرسێت، بەڵام ئەگەر ناچاربن هەموو شتێك دەكەن و لوبنان تەختی زەوی دەكەن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.