وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما چەند رێنماییەكی بۆ هاووڵاتییان بڵاو كردەوە، یەكێك لە رێنماییەكان لەبەركردنی جلوبەرگی تەنك و رەنگ كاڵ بوو.
وەزارەتەكە رایگەیاند: بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ 50 پلەی سیلیزی، چەند رێنماییەك ئاراستەی هاوولاتییان دەكەین بەتایبەت منداڵان و بەتەمەنەكان كە ئەوان كاریگەری پلەكانی گەرمایان زیاتر لەسەر دەبێت لە بەركەوتنی راستەوخۆی تیشكی خۆردا.
رێنماییەكان بریتی بوون لە:-
1- هەوڵ بدەن لە كاتەكانی گەیشتنی پلەكانی گەرما بۆ لوتكە نەچنە دەرەوە و تا پێیان بكرێت لە ماڵەوە بمێنن، بەتایبەتیش لە كاتەكانی نێوان كاتژمێرەكانی 10ی بەیانی تاكو 4ی سەرلەئێوارە.
2- لە كاتی چوونەدەرەوەش هەوڵبدەن جلوبەرگی تەنك و رەنگی كاڵ و كراوە لەبەر بكەن، هەروەها كڵاوی فراوان یاخود چەتر بەكاربهێنن و چاویلكەش لەچاو بكەن.
3- دوور بكەونەوە لە رێكردن لەبەر هەتاو و هەوڵبدەن زیاتر لە شوێنی سێبەردا رێ بكەن.
4- بەهیچ شێوەیەك لەبەر تیشكی خۆر مەلەوانی و وەرزش ئەنجام مەدەن.
5- بەردەوام ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە بەشێوەیەك كە كەمتر نەبێت لە 3 لیتر لە رۆژێكدا، لەگەڵ خواردنی میوە و سەوزەوات بۆ ئەوەی جەستە بەردەوام تەڕ و شێدار بێت.
6- ئەگەر نەخۆشی درێژخایەنت هەیە، سەردانی پزیشكی تایبەتمەند بكە بۆ پێداچوونەوە بە داودەرمانەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.