Erbil 15°C پێنجشەممە 27 حوزەیران 00:30

یەکێتیی ئەورووپا سزا سەپێندراوەکانی سەر ڕووسیای بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە

کوردستان TV
100%


یەکێتیی ئەورووپا، ئەو سزایانەی کە لە بواری ئابووریدا بەسەر ڕووسیا سەپاندوویەتی بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ڕووسیا لە ساڵی 2014وە بە نایاسایی نیمچە دوورگەی کریمیای ئۆکراینادا بە خاکەکەیەوە لکاندووە.

ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سزا سەپێندراوەکانی سەر ڕووسیا، تا 23ی حوزەیرانی ساڵی 2025، درێژکردووەتەوە.

ئەو سزایانەی کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون، چالاکییەکانی ھاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا و کۆمپانیاکان لە نیمچە دوورگەی کریمیا و شاری سیڤاستاپۆل کە بەناوبانگترین نیمچە دوورگەی کریمیا سنووردار کردووە، ھەروەھا ھاوردەکردنی کەلوپەل و بەرھەمەکان لە کریمیاوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا قەدەغە کردووە.

ھەروەھا لەچوارچێوەی سزاکاندا، ڕێگا بە ھاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا و کۆمپانیاکان نادرێت کاری وەبەرھێنان لە نیمچە دوورگەی کریمیا و شاری سیڤاستاپۆل بکەن، هاوکات ھەناردەکردنی بەرھەمەکانی بواری گواستنەوە، گەیاندن و وزە لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ نیمچە دوورگەی کریمیا قەدەغەکراوە.

لە ئاداری ساڵی 2014دا، ڕووسیا بە ئەنجامدانی گشتپرسی تاک لایەنە، نیمچە دوورگەی کریمیای ئۆکراینا بە خاکەکەیەوە لکاند.

دوای لکاندنی نیمچە درووگەی کریمیاوە بە خاکی ڕووسیاوە، یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە زنجیرەیەک سزایان لە بواری ئابوورییدا بەسەر ڕووسیادا سەپاند.

ڕۆژی 24ی مانگی شوباتی 2022، ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێکرد کە تا ئێستا بەردەوامە.

لە 30ی ئەیلوولی 2022دا، سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەڵگەنامەیەکی لەبارەی لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکراینا کە برتیین لە دۆنێتسک، ڵوھانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا بە خاکی رووسیاوە واژوو کرد.

ئەو ھەنگاوەی ڤلادیمیر پوتین، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەتوندی سەرکۆنە کرا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.