Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 21:55

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: کار لەسەر دروستکردنی دوو فرقەی دیکەی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت

کوردستان TV
100%


ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت: دوای دروستکردنی دوو فرقە بۆ ھێزی پێشمەرگە، ئێستا فرقەی سێیەم لە قۆناغی کۆتایی دایە و بڕیارە فرقەی چوارەمیش لە سلێمانی دروست بکرێت، بۆیە پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: کاری یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی زۆر باش و بەبێ بەربەست بەڕێوە دەچێت، ئێستا کار لەسەر دروستکردنی فرقە دەکرێت، لە ماوەی ڕابردوو دوو فرقە دروست کران، ئێستاش کار لەسەر فرقەی سێ دەکرێت و کاری زۆر باشی تێدا کراوە و لە قۆناغی کۆتایی دایە و لە پارێزگای دھۆک دروست دەکرێت.

ھەر فرقەیەک چوار لیوایە و ھەر لیوایەکیش سێ فەوجە و ھەر فەوجێک چوار فەسیلەیە، بەو شێوەیە دروست دەبێت. بڕیارە فرقەی چوارەمیش لە پارێزگای سلێمانی دروست بکرێت.
بابەکر زێباری گوتیشی: ھەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی لەشکرێکی ڕێکخراومان ھەبێت، پێداچوونەوە بە ھێزەکاندا دەکرێت و لە ھەر شوێنێک کەموکورتی ھەبێت چارە دەکرێت، ئەو ھەنگاوە زۆر گرنگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جدییە لەوەی سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێن، ھاوپەیمانانیش ھاوکاری سەرەکین لە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.
زێباری باسی لەوەش کرد: پرۆسەکە زۆر باش بەڕێوە دەچێت و بڕیارە 11 فرقە دروست بکرێن، بەڵام کاتی پێویستە و بە قۆناغیش جێبەجێ دەکرێت، بۆیە بە دوو تا سێ ساڵی دیکە کارەکان تەواو دەکرێن، چونکە پرۆسەکە زۆر بەوردی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێکی نەبێت، دەیانەوێت بەجۆرێک پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ھیچ شوێنێک بەتایبەت لە سەنگەرەکان بۆشایی دروست نەبێت تاوەکو کۆتایی پێدێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.