Erbil 28°C شەممە 27 تەمووز 03:19

ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسەند کرد

کوردستان TV
100%


ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ پشتیوانی لە گەڵاڵەی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست پێشکەش کرابوو.

ئێوارەی دوێنێ دووشه‌ممه‌، ڕەشنووسی بڕیارنامەی پشتیوانی لە پێشنیازی سێ قۆناغ کە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن'ەوە ڕاگەیاندراوە و لەقۆناغی یەکەمدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لەغەززە دەکات، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە 15 ئەندام لە خۆ دەگرێت، بە 14 دەنگی بەڵێ ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پەسەند کرد و ڕووسیا دەنگی بێ لایەنی بۆ پڕۆژەکەی ئەمریکا بەکارهێنا بۆ ئەوەی ڕێگر نەبێت لە پەسەند کردنی.

ڕووسیا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی ڤیتۆی هەیە.

بۆ یەکەمجار ڕۆژی 31ی ئایار سەرۆکی ئەمریکا باسی لە گەڵاڵەیەکی خۆی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە و بەپێی گەڵاڵەکەی، لە سێ قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت و پشتیوانی دیپلۆماتیکی هەریەکە لە وڵاتانی میسر و قەتەری هەیە.

بە پێی بڕیارنامە سێ قۆناغییەکە، لە قۆناغی یەکەمدا لەپاڵ ئاگربەستی دەستبەجێ، پێویستە بەدیلگیراوەکان ئافره‌ت، بەتەمەنەکان و برینداران ئازاد بکرێن و لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکان ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت. گواستنەوەی بریندارەکان، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دابین بکرێت. فەڵەستینییە سڤیلەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵی و حاڵی خۆیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردن یارمەتیدەر بێت.

بە پێی قۆناغی دووهەمی بڕیارنامەکە، بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکە، بەدیلگیراوەکانی دیکەش ئازاد دەکرێن و ئیسرائیل لەسەرانسەری کەرتی غەززە دەکشێتەوە.

لە قۆناغی سێیەمدا، بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش داوا دەکات کە پلانێکی درێژخایەن بۆ داهاتووی ناوچەکە دابڕێژرێت بۆ بونیادنانەوەی ناوچەکە و تەرمی قوربانیان ڕادەست بکرێتەوە.

لە بڕیارنامەکەدا هەروەها پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی کراوە و ئاماژە بەوەش دراوە کە گرنگە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە ژێر دەسەڵاتدارێتییەکی یەکگرتووی فەڵەستینی دابن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.