دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەشێك لە هاووڵاتییانی شاری بەغدا هەڵیانكوتایە سەر كۆمپانیای (پیپسی بەغدا) لە باشووری شارەكە.
هاووڵاتییان لەبەردەم كۆمپانیای پیپسی بەغدا گردبوونەوە و هەوڵیان دا بچنە نێو كۆمپانیاكە، بەڵام هێزە ئەمنییەكان و پاسەوانانی كۆمپانیاكە رێگەیان لێ گرتن.
ئەو هاووڵاتییانەی لەبەردەم كۆمپانیای پیپسی بەغدا كۆببوونەوە هوتافی "نەخێر بۆ ئەمەریكا.. نەخێر بۆ ئیسڕائیل.. بەڵێ بۆ فەڵەستین"یان دەگوتەوە.
پەلاماردان و هێرشكردنە سەر چێشتخانە و كۆمپانیا بیانییەكان لەلایەن هاووڵاتییانی بەغدای پایتەختی عێراقەوە رۆژانە دووبارە دەبێتەوە و بەجۆرێك لە چەند رۆژی رابردوودا چەند جارێك هێرشكرابووە سەر زنجیرە چێشتخانەكانی كەی ئێف سی و كێنتاكی.
پەلاماردەران و هێرشكارەكان پێیانوایە چێشتخانە و كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بەتایبەت KFC و كنتاكی و پێپسی پاڵپشتی دارایی حكوومەتی ئیسرائیل دەكەن بۆ هێرشكردنە سەر كەرتی غەززە.
لای خۆشییەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق پاراستن و چاودێرییەكی چڕی خستۆتە سەر سەرجەم چێشتخانە و كۆمپانیا خۆراكییە بیانییەكان و جەختی كردۆتەوە لەوەی هەر كەسێك بیەوێت هێرش بكاتە سەریان سزایەكی توندی بەسەردا دەسەپێنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.