Erbil 15°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 13:39

عێراق داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی نەوتی عیراق هەوڵەكان چڕ دەكاتەوە بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهان، ئەمە دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان كردبوو.

لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە "بانگهێشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتمان لە هەرێمی كوردستان كردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لە شاری بەغدا لە زووترین كاتدا".

هەروەها هاتووە "ئامانج لە كۆبوونەوەكە دۆزینەوەی چارەسەر و رێككەوتنی كۆتاییە سەبارەت بە پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا دەست بە هەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری جیهانی توركیا بكرێتەوە.

لای خۆشییەوە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیكور) ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەكدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان كردبوو.

جەختیشی كردبووەوە كە ئامادەن هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بكەنەوە‌ بە مەرجێک رێککەوتنێک بکرێت بۆ ئەوەی مافە داراییەکانیان لەبری هەناردەکردنی نەوت لە رابردوودا بدرێتەوە و بۆ داهاتووش گەرەنتیان پێ بدرێت، بەو مەرجەی بازرگانییەکانی نێو گرێبەستەکانیان پارێزراو بێت.

ئەمە لەكاتێكدایە كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهان وەستاوە، ئەم راوەستانەش بەپێی راپۆرتی ئەپیكور زیانی ملیارەها دۆلاری بە حكوومەتی عێراق گەیاندووە.

كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر رایگەیاندبوو كە ئەوان وەك وەزارەت و حكوومەتی هەرێم هیچ كێشەیەكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نییە، هەروەها وڵاتی توركیاش لەمەدا هیچ كێشەیەكی نییە.

لای خۆشییەوە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا گوتبووی كە لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رێككەوتوون و بەم نزیكانەش هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.