Erbil 28°C شەممە 28 ئەیلوول 01:33

چەند بڕیارێك بۆ ئەنجامدانی قوربانی لە رۆژانی جەژن دەركران

کوردستان TV
100%

لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك دەركران بۆ سەربڕینی ئاژەڵ بە مەبەستی ئەنجامدانی قوربانی لە رۆژانی جەژنی قورباندا.

ئەم بڕیارانە بۆ مەبەستی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەركراون كە لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان دوو كەس تووشی نەخۆشییەكە بوون و یەكێكیان گیانی لەدەستداوە و ئەوی تریش لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرێت.

له‌ كۆتاييى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، شەش بڕيار و ڕێكار ده‌ركران، كه‌ ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ بوون:

1- بە هەموو شێوەیەک هاووڵاتیيان هۆشیار و ئاگه‌دار بکرێنەوە، لە سەرنەبڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان و نەفرۆشتنی گۆشتی بێ مۆری تەندروستی لەلایەن گۆشتفرۆشه‌كانه‌وه‌.

2- بە سەرپەرشتيی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پارێزگه‌کان و ئیدارە سەربەخۆکان، ليژنەکانی پارێزگه‌کان و ئیدارە سەربەخۆکان دووبارە دروستبکرێنەوە.

3- جەخت لە بەردەواميی هەڵمەتەکانی شۆردنەوەی ئاژەڵ و ڕشاندنی مەیدانی ئاژەڵان و قەسابخانەکان و شوێنەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ كرايه‌وه‌.

4- چاودێریکردنی ئەو ناوچانەی کە نەخۆشیيەکەی تێدا په‌يدابووه‌، بە کەرەنتینکردن و ڕشاندنی شوێنەکە بە دەرمان.

5- ڕێگریکردن لە جموجۆڵی ئاژەڵ و هاتنی بۆ‌ ناو هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاودەبێتەوە، و چاودێریکردنی تەواو لە بازگە و دەروازەکان.

6- بڕیار درا لە کاتی هاتنی جەژنی قوربان، قەسابخانەکان کراوە بن له‌به‌ر قوربانیكردن لەلایەن هاووڵاتیيانەوە.

هەروەها لەم کۆبوونەوەیە پێشنیار بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایينی کرا کە لە هەفتەکانی داهاتوودا گوتاری هەینی بۆ هۆشیاريی هاووڵاتیيان و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکان و سەربرینی ئاژەڵ لە سەربڕخانە فەرمییەکان ته‌رخان بكرێت.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.