Erbil 15°C دووشەممە 17 حوزەیران 13:58

ئێران بەرھەمھێنانی نەوت دەگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا

کوردستان TV
100%


ئێران 400 ھەزار بەرمیل بەرھەمی ڕۆژانەی نەوتی خاو زیاد دەکات و دیگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، کۆمیتەی ئابووری بە سەرۆکایەتی محەمەد موخبیر کە لە شوێنی ئیبراھیم ڕەئیسی سەرپەرشتی سەرۆکایەتی کۆماری پێسپێردراوە، لە تارانی پایتەخت کۆبووەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ئاسانکاری بۆ دابینکردنی 5،5 ملیار دۆلار وەبەرھێنانی بیانی و زیادکردنی بەرھەمی نەوتی خاوی ناوخۆیی، لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێرانەوە پەسەند کراوە.

لەم چوارچێوەیەدا بەرھەمی ڕۆژانەی نەوتی خاوی ئێران کە لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیل بووە، 400 ھەزار بەرمیلی دیکە زیاد دەکرێت و دەگاتە چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بە ھۆی گەمارۆکانی ئەمریکا کە لە ساڵی 2018وە بەسەر تاراندا سەپێندراون، ئێران لە ڕووی بەرھەمھێنانی نەوتەوە تووشی گرفت ببوو و بەرھەمی ڕۆژانەی ئەو وڵاتە بۆ ژێر دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیبوو، ھەروەھا گەمارۆکان وایکردبوو کە ئێران ڕۆژانە تەنھا 500 ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ھەناردە بکات.

ھاوکات بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (OPEC)، کە لە 14ی ئایاردا بڵاوی کرابوویەوە، ئێران لە مانگی نیساندا سێ ملیۆن و 212 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە کردووە، ئەوەش بەراورد بە مانگی ئادار، ئێران 14 ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕۆژێکدا، زیاتر ھەناردە کردووە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.