Erbil 15°C یەکشەممە 16 حوزەیران 09:35

هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی بەزرترین ڕێژەی گەنمی جووتیاران لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بەردەوامە

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی ئایاری2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "تەنیا لە ماوەی مانگێکدا لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، چوار جار شاندی وەزارەتەکەیان سەبارەت بە پرسی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەلایەن حکومەتی عێراق، سەردانی بەغدایان کردووە و جەختیش لەوە دەکاتەوە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکومەت، هەنگاوی گرنگ لەو بوارە نراوە".
گوتیشی:"ئامانجی سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا وەرگرتنی ڕێژەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە قەبارەیەکی شایستە بووە"، دەشڵێت: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، پابەندی سەرجەم ئەو ڕێکارانە بووە کە داواکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا بووە، لەوانە:
یەکەم: ڕووپێوێکی زانستی بۆ سەرجەم ئەو زەوی و زارانە کراوە کە بە بەرهەمی گەنم داچێندراوە، کە بریتیە لە ڕووبەری دوو ملیۆن و 855 هەزار دۆنم زەوی.
دووەم: پێشکەشکردنی داتای زانستی لەسەر ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان.
کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژە بەوە دەکات: "لە سەرەتادا بەغدا تەنیا پابەندی خۆی بە وەرگرتنی ڕێژەی لە 30٪ ی گەنمی جوتیاران بە گوێرەی بەرهەمی داچێندراو کە دەکاتە 580 هەزار تۆن گەنم دەربڕیوە، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان ئەم پێشنیازەیان ڕەت کردووەتەوە".
دەشڵێت: "پێشنیازی دووەم لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق کرا کە ئەندامی شاندی دانوستانی بەغدان لەسەر ئەو پرسە، بە گوێرەی پێشنیازەکە ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە نۆ پارێزگا بە ڕێژەی 21٪ زیادی کردووە بە پشتبەستن بەم ڕێژەیە، بڕیار درا بە زیادکردنی ڕێژەی سەدی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە 605 هەزار تۆن لە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان ئەم بۆچوونەشیان ڕەت کردەوە".
دەشڵێت: "سەرۆکوەزیران بەردەوام لەسەر هێڵ بوو، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بە قەبارەیەکی زیاتر بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، کە لەسەر داواکاریی سەرۆکوەزیران ڕوونکردنەوەیەکمان لە ڕێگەی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران، گەیاندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕەزامەندی لەسەر داوە؛ تەنیا ماوەتەوە سەر ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەی هاوبەش کە بە لیژنەی57 ناسراوە، کۆببنەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر قەبارەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بدەن.


شوان عه‌زیز
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.