Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 16:11

سه‌رۆككۆماری نوێی ئێران دیاری كرا

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ دووشممە حکوومەتی ئێران دوای ڕاگەیاندنی گیانلەدەستدانی سەرکۆماری وڵاتەکەی، ئیبراھیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکەیان لە باکووری ئێران، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.
لەوبارەیەوە گوتەبیژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران (شورای نگھبان)، تەحان نەزیف لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجوومەنەکەیان ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ ئەوەی جێگری یەکەمی سەرکۆمار، محەمەد موخبیر، ببێت بە سەرکۆماری وڵات.
بە پێی دەستووری ئێران، دەستبەکاربوونی موخبیر پێویستی بە ڕەزامەندی ڕابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی هەیە و میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە خامنەیی لەم بارەیەوە ڕەزامەندی نیشانداوە.
باسی لەوەشکردووە، پێویستە ئەو دەستەیەی کە لە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و جێگری یەکەمی سەرکۆمار پێکھاتووە لە ماوەی 50 ڕۆژدا، ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی سەرکۆماری نوێ.
لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا، حکوومەتی ئێران، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، عەلی باقری لە شوێنی وەزیری دەرەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، وەک سەرپەرشتی وەزارەتەکە دیاریکرد.
حکوومەتی ئێران دوو کۆمیتەی تایبەتیشی دامەزراندووە کە یەکێکیان ئەرکی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە ناشتنی سەرکۆماری کۆچکردوو دەبێت و ئەوەی دیکەیان کارگێڕی و ئابووری وڵاتی پێسپێردراوە تا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت.
هەروەها جەختیش لەوە کراوەتەوە کە، تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانەکانیش وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەیاندا ناکرێت.
هاوکات ڕابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی لەو وڵاتەکە ڕاگەیاند.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ یەکشەممە ھێلیکۆپتەرێک کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی ھەڵگرتبوو، دوای گەڕانەوەی لە بەسەرکردنەوەی ھەوڵەکانی دروستکردنی بەنداوێک لەسەر سنوورەکانی ئازەربایجان، بەھۆی نالەباری کەشوھەواوە کەوتە خوارەوە.
ھاوکات بەپێی میدیاکانی ئێران لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی ئەو ھێلیکۆپتەرەی کە سەرکۆمار ئیبراھیم ڕەئیسی تیادا بووە، سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستداوە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.