ئەمڕۆ شەممە 18/5/2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پرۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ لەگەڵ شەقامی خێرای 120م لە شاری هەولێر دەستیپێكرد و لە ماوەی شەش مانگدا تەواو دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە شوێنی دەستپێكردنی پرۆژەكە بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن ناوەڕۆكی پرۆژەكەی ڕایگەیاند و گوتی: خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی پارێزگاری هەولێر دەستپێكردنی پرۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ لەگەڵ شەقامی خێرای 120م و هەڵمەتی سەوزكردنی ئەو شوێنە ڕادەگەیەنین.
ئەو پرۆژانەی سەوزكردن و دروستكردنی پارك لە شاری هەولێردا بەپێی ڕێنمایی و لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن و تێچووی پرۆژەكەش لەلایەن نووسینگەی جەنابی سەرۆكوەزیرانەوە دابین كراوە.
ئەو یەكتربڕە یەكێكە لە دەروازە سەرەكییەكانی هەولێر- مووسڵ و لەسەر ڕووبەری (205000م2) كاری سەوزكردنی تێدا ئەنجام دەدرێت و نزیكەی 30 هەزار داری تێدا دەڕوێندرێت، لەگەڵ 10 هەزار گوڵ و نەمامی بچووك و بە ڕووبەری زیاتر لە (20000م2) چیمەنیشی لێ دەڕوێندرێت، هەروەها لێدانی بیری ئاو و خەزانی كۆكردنەوەی ئاو و دانانی سیستەمی ئاودێری بۆ ئاودانی ئەو ناوچە سەوزاییە.
گوژمەی پرۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ لەگەڵ شەقامی خێرای 120م لە شاری هەولێر زیاتر لە 3 ملیار و 422 ملیۆن دینارە كە لەلایەن نووسینگەی جەنابی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دابین كراوە و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت.
شایەنی باسە، ئەو پرۆژەیە دوای ئەوە دێت كە ڕۆژی سێشەممە 14/5/2024، پرۆژەیەكی تری سەوزكردنی ئاڵوگۆڕكەری شەقامی 150مەتریی ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە بە گوژمەی زیاتر لە 3 ملیار و 690 ملیۆن دینار تەواو كرا كە چەندین تایبەتمەندی لەخۆدەگرێت، لەوانە چاندنی زیاتر لە 45 هەزار دار لەگەڵ نزیكەی 20 هەزار گوڵی جۆراوجۆر و بە ڕووبەری 23 هەزار مەتریش چیمەنی هەمیشەسەوزی تێدا بەكارهاتووە، لەگەڵ دەیان تایبەتمەندیی دیكەی وەكوو لێدانی دوو بیری ئاو بۆ ئاودانی و دروستكردنی دوو عەمباری ئاو و دانانی ماتۆڕی ئاو و سیستەمی ئاودانی دار و فریز و بەشەكانی تری پاركەكە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.