Erbil 15°C پێنجشەممە 16 ئایار 05:18

سوودانی: خواستمان ھەیە ھاریکارییەکانمان لە بواری ئابووریدا لەگەڵ سعوودیە فراوانتر بکەین

کوردستان TV
100%


سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خواستی ھەیە ھاریکارییەکانی لە بواری ئابوورییدا لەگەڵ سعوودیە فراوانتر بکات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە ڕیاز لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان کۆبووەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لەکۆبوونەوەکەدا، باس لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی پەرەپێدان بە دۆسیە ھاریکارییە ھاوبەشەکان، ئەوەش لەچوارچێوەی کاری ئەنجوومەنی ھەماھەنگی نێوان عێراق و سعوودیە کە تا ئێستا چەندین لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکاندا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا، واژوو کراون.

باسی لەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە کە عێراق خواستی ھەیە ھاریکارییەکانی لە بواری ئابوورییدا لەگەڵ سعوودیە فراوانتر بکات، چونکە ئەو ھەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ لە بوارە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە کۆبوونەوەکەدا، ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پەرۆشی ئەوەیە کە باشترین پەیوەندیی لەگەڵ عێراقدا، ھەبێت و ئاماژەی بەوەشداوە کە سعوودیە ھەوڵدەدات ھاریکارییەکانی لەگەڵ عێراق، پتەوتر بکات.

ڕاشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی لە دۆخی کەرتی غەززە، ھەروەھا کوشتن و برسیکردنی فەڵەستینییەکان لەسەر دەستی ھێزی داگیرکار کراوە و لەوبارەیەوە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ھەوڵی زیاتر بدرێت لە پێناو وەستاندنی شەڕی سەر کەرتی غەززە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی، گەیشتە ڕیاز پایتەختی سعوودیە.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.