بە داوەتی فەرمی پارتی کریستییانەکانی سۆسیالی یەکگرتوو (CSU) لە هەرێمی بایەرن، دلشاد بارزانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا بەشداری کۆنگرەی پارتی ناوبراو دەکات.
لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا، دلشاد بارزانی چاوی کەوت بە چەندین کەسایەتی و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و دیپلۆماتکاری ئەڵمانیا، هەروەها پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی لە بەرپرسانی پارتی کریستییانەکانی سۆسیالی یەکگرتوو کرد.
پارتی کریستییانەکانی سۆسیالی یەکگرتوو (CSU) لە ئەڵمانیا بەردەوام پشتگری لە هەرێمی کوردستان کردووە بە تایبەتی کاتی دەرکردنی بریارەکان لە پەرلەمان و ناوەندە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە، هەروەها لە کاتی شەری تیرورستانی داعشیشدا رۆلیان هەبووە لە گەیاندنی پێداویستی سەربازی و لۆجستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوامی مەشق و راهێنانەكان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی دۆستانی كورد لە ئەڵمانیا بەردەوام بن لە هاوکاری و پشتگری هەرێمی کوردستان لە ڕووی سەربازی و ئابووری و گەشەپێداندا.
ئەڵمانیا یەکێكە لەو وڵاتانەی لە ناو هاوپەیمانێتی شەری دژی داعشە و کونسوڵخانەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان هەیە و هەروەها سەربازەکانیان لە هەولێر و بەشەکانی تری عێراق لە ئەرکدان.
لەلایەكی ترەوە بەرپرسانی ئەڵمانیا بەردەوام لە سەر ئاستی باڵا سەردانی کوردستانیان كردووە و بەردەوامیش ستایشی رۆلی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە ڕووی پێکەوەژیان و ئاوەدانی و ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.