وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە كارمەندەكانیان چارەسەری كێشەی كارەبایان بەهۆی هێرشەكەی دوێنێی كێڵگەی غازی كۆرمۆر كردووە و ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەتەوە.
كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە (وەكالەت) سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو چوار كرێكارە بیانییە كرد كە لە هێرشەكەدا گیانیان لەدەست دا.
وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان راشیگەیاند: سوپاسی تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكەی دەكەین کە پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویان قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات.
هەروەها رایگەیاند: كارمەندەكان ماندوونەناسانە بە درێژایی شەوی رابردوو تا ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە و رێگایان نەدا كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا روو بدات.
لە كۆتاییدا كەمال محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوە دا كە ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی تەواوەتی دۆخەكە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.