ئەمەریكا و بەریتانیا سزای نوێیان بەسەر ئێران سەپاند بەهۆی هێرش و بۆردومانەكەی ئەم مانگەی بۆ سەر ئیسڕائیل.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەیركا دوێنێ پێنجشەم سێ كەسایەتی و دوو كۆمپانیای ئێرانی خستە نێو لیستی سزاكانەوە.
كۆمپانیا سزادراوەكان كار بۆ وەزارەتی بەرگریی ئێران دەكەن و بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییان و كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە مامەڵە لەگەڵ ئەو كۆمپانیا ئێرانییانەدا بكەن.
بەهەمانشێوە بەریتانیاش دوێنێ پێنجشەم سزای بەسەر شەش كەسایەتی و چەند كۆمپانیایەكی دیكەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێرانی سەپاند و كار و چالاكییەكانی بە دوژمنداری وەسف كرد.
لای خۆیەوە دیڤید كامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران بۆ لاوازكردنی لە ڕووی بەرهەمهێنانی چەك و هەوڵە دوژمندارییەكانی.
سەپاندنی هەردوو سزاكەی ئەمەریكا و بەریتانیا بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی ئێران دێت بۆ سەر ئیسڕائیل كە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بە نزیكەی 350 مووشەك و درۆن ئەنجامی دابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.