سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ڕووبەڕووبوونەوەی لەنێوان دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر و كارمەندانی ئاسایش روویداوە و بەهۆیەوە كارمەندێك بە سەختی بریندار بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 6:15 تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر، لە دەوروبەری شارۆچكەی عەنكاوە بەدواداچوونی بۆ دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر کردووە".
هەروەها دەڵێت "داواکراوەکان رووی چەکەكانیان ئاراستەی هێزەکانی ئاسایش کردووە و بەهۆیەوە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوولادا دروست بووە".
دەشڵێت "لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكەدا کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش بە سەختی بریندار بوو".
ئاماژەبەوەش درا كە لە رووبەڕووبوونەوەكەدا یەکێک لە داواکراوەکان کوژراوە و ئەوەی تریش دەستگیر کرا، هەروەها لێکۆلینەوەكان لە رووداوەكە بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.