Erbil 15°C دووشەممە 06 ئایار 07:24

د.دیندار زێباری: لەم کابینەیەدا جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری بە ڕێژەی زیاتر لە 70% زیادی کردووە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ (126)مین ساڵیادی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی (میر میقداد بەدرخان) و (26)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەستکردن بە گرنگیی کاری ڕۆژنامەنووسی بۆ خستنەڕووی شەفافییەتی زیاتر لە راپەراندنی کاروبارەکانیدا، ئەرکی خۆی بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەکی لەبار و داکۆکیکار بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی جێبەجێ دەکات، کە لە سایەیدا میدیاکاران بتوانن ئەرکی پیشەیی خۆیان ڕاپەڕێنن، بۆ ئەم مەبەستەش کاری ڕۆژنامەنووسی بە یاسای ژمارە  35ی ساڵی 2007 ڕۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان ڕێکخستووە کە تێیدا ئەرک و مافی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دیاری کراوە."

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی، "بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوا بەدوای پەسەندکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کابینەی نۆیەمدا (11) ڕاسپاردەی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەنووسی کەوتنە پرۆسەی جێبەجێکردن کە لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە ئاراستەی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرا بوون، ڕێکاری تایبەتیش گیراوەتە بەر سەبارەت بە میکانیزمی لێپێچینەوە، پێدانی زانیاری، خێراکردنی پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکانی کاری ڕۆژنامەگەری و جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری".

بەپێی ڕاپۆرتی بەراوردکاریى پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری بەم شێوەیە بوون: لە ساڵی 2022 تەنیا (1) ڕاسپاردە جێبەجێ کرابوو و (5) ڕاسپاردە جێبەجێ نەکرابوون و (5) ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندا بوون. بەڵام لە ساڵی 2023 دا (7) ڕاسپاردە جێبەجێکراون و (1) ڕاسپاردە جێبەجێ نەکراوە و (3) ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندا بوون. بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە 70% زیادی کردووە.

لەبارەی پاراستنی مافی یاسایی ڕۆژنامەنووسان دیندار زێباری ئەوەی خستەڕوو: لە ساڵی 2023 دا (5) داوای یاسایی دژی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ دادگا بەرز کرانەوە لەسەر بابەتی جۆراوجۆر وەک سازش لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ناوزڕاندن و سوکایەتیی و هەڕەشە، پارێزەر دابین کراوە بۆ بەرگریی لە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن. هەروەها لە ساڵانی 2021 تاکو 2023 نزیکەی (65) نووسراو لە دادگا و پۆلیس ئاراستەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کراون، لەلایەکی دیکەوە (2) داوا لە دادگاکان و (2) داوا لە داواکاری گشتیی لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە تۆمار کراون".

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوە کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری ڕۆژنامەنووسی ڕێکخستووە و گوتی: لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە (2000) میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان پێ دراوە لەوانە: (130) ماڵپەڕی هەواڵی، (138) ڕادیۆ، (263) ڕۆژنامە، (726) گۆڤار، (31) کەناڵی ئاسمانی و (85) کەناڵی ناوخۆیی، هەروەها بۆردێک پێک هێنراوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن. لەلایەکی دیکەوە ئاماری ئەندامانی سەندیکا لە ساڵی 2023 بەم شێوەیە بووە (6910) ئەندامی کارا، (242) ئەندامی مەشقکار و (2020) ئەندامی بەشدار.

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕووی یاساییەوە هەوڵ دەدرێت کە یاسای کاری رۆژنامەنووسی هەموار بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت و لەم ڕووەوە گوتی:  کاتێک یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007  پەسەند کرا ئەو کات تەنیا باس لە رۆژنامەنووسی خوێنراو کراوە، بەڵام ئێستا میدیای ئەلکترۆنی هەیە، و پێویستە یاساکە هەموو پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا لەخۆ بگرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.