Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 19:59

وەزارەتی كشتوكاڵ: ئەمساڵ نزیكەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوە دا كە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراو، داواشی لە حكوومەتی فیدڕالی كرد هەموو ئەو بڕە گەنمە لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ سوزان کۆچەر جێگری سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی عێراق و شاندێكی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق كۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی وەرگرتن و رووبەری داچێنراو و ڕێژەی پێشبینیکراو بۆ بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوە دا كە بەپێی داتا و بەدواداچوونەکان، ئەمساڵ نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم زەوی داچێنراوە و پێشبینی ڕێژەی بەرهەمێکی زۆر باش دەکرێت، بە ڕەچاوکردنی کەشوهەوا و دابارینێکی زۆر باش لە وەرزی ئەمساڵدا.

لە کۆبوونەوەكەدا جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە پێویسته هەموو ئەو بڕە گەنمە وەربگیرێت لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان کە ئەمساڵ بەرهەم دێت و هەمان مامەڵەی یەکسان لەنێوان جوتیارانی هەرێم و ناوەراست و خوارووی عێراق هەبێت.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بە شاندێكی تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بکات بۆ مەبەستی پاڵپشتیکردنی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت هاوشێوەی جوتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.