وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەم لە دیداری سلێمانیدا سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و عێراق سەبارەت بە حزبەكانی كورستانی ئێران و پەكەكە رایگەیاند كە هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆریان بۆ بەکاردەهێنن، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ یەکێک لەو ڕێکخراوانە بە تیرۆرست ناو نەبراون.
ئەمرۆ چوارشەممە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریكردن لە هەشتەمین دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمەریکی – سلێمانی بەڕێوەدەچێت، گوتی "هیچ گرووپێکی تیرۆرستی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوونی نییە، هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێک گرووپ بەکاردەهێنن، ئەمەش سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوون و سیاسەتی وڵاتەکان، ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ یەکێک لەو ڕێکخراوانە بە تیرۆرست ناو نەبردووە".
رێبەر ئەحمەد گوتیشی "کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کێشەیەک هەیە بەناوی کێشەی کوردستان، کەس ئامادە نییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەو کێشەیە بدات، ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان زۆر بوێرانە و دلێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێشەوە، هەروەک چۆن ڕێز لە کێشەی میلـلەتان دەگرین، دەبێت کێشەی خەڵکی کوردستانیش چارەسەر بکەین، کۆمەڵێک حزبی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوونیان هەبووە پێش ساڵی 1991 و 2003، لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە ناویان لێنراوە تیرۆرست، بەڵام سەبارەت بە ئێمەوە ئەوانە حزبی کوردی ئۆپۆزسیۆنن، سەبارەت بە پەکەکەش، وڵاتی تورکیا بەپێی بەرژەوەندیی خۆی ناوی ناون تیرۆرست، بەڵام لە عێراق ئەم حزبە بە تیرۆرست ناونەبراوە".
وەزیری ناوخۆ هەروەها گوتی "ئێمە ڕازی نین لە بوونی هیچ یەکێک لەم گرووپە چەکدارییانە بە ناوی گرووپ و حزب و لایەنی چەکدار لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام هەر لایەنێک ئازادە چ ناوێک لەم گرووپانە دەنێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق ناوێکی فەرمی دەنێین لەو گرووپانە کە جیاوازە لەگەڵ بۆچوونی وڵاتانی دەورووبەر".
راشیگەیاند: ئێمە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئەمنی كە لەنێوان بەغدا و تاران ئیمزا کراوە، بابەتی هەبوونی هێزی چەکدار لەسەر سنووری ئێران چارەسەر کراوە، لە ماوەکانی ڕابردووش لە کەمپی مەدەنی شوینی ئەو چەکدارانە کراوەتەوە، ئێستا بە شاهێدی هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق لە بەغدا بە شاهێدی خودی ئێرانییەکانیش، هیچ هێزێک لەم سنوورانە بوونی نییە، بەڵام بەداخەوە بە بیانۆی جیاجیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە هیچییان لەسەر بنەمای ڕاست و دروست نین".
لە كۆتاییدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ هەروەها رایگەیناد: هەموو ئەو سیناریۆیانەی کە بەکاردەهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکی ڕاست و دروستی نییە، لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانی بەغدا، تاران، هەولێر و سلێمانی ئەو بابەتانە شی کراونەتەوە، پێشتر لەلایەن قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئەمنی عێراق ئەم بابەتە باسکراوە، منیش دووپات لەو بابەتە دەکەمەوە کە هیچ مەترسییەکی سەربازیی ئەمنیی لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر نە ئێران و نە تورکیاش ڕێگە پێدراو نییە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.