سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا باسی لە سەردانەکەی لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق كرد بەتایبەت ئەو گفتوگۆیانەی سەربارەت بە ههرێمی کوردستان کراون.
سەفین دزەیی هەروەها باسی لە گرنگیی پێگەی ههرێمی کوردستان و بەرهەمی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان كرد بۆ واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاند "ژمارەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ چەند وەزیرێک و ئەندامانی پەرلەمان و راوێژکارانی ئابووری و وزە کردووە، ئەوەی من بەشداریم تێدا کرد، کۆبوونەوەی سەرەکی لەگەڵ سەرۆک بایدن بوو، دیدارەکان لەسەر بنەمای چۆنیەتی داڕشتنی پەیوەندییەکانی داهاتووی عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو، نەک تەنیا لە رووی سەربازییەوە، بەڵکو لە رووی ئابووری و وزە، لە رووی پەرەپێدانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیموکراسییەت و ئەکادیمی و زانست و کەشوهەوا، کۆمەڵێک بابەتن کە جێی بایەخی ئەمریکان، کۆمسیۆن و لیژنەی جیاوازیش هەبوو کە لە دوو رۆژی رابردوو لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆیان لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانی خۆیان کردووە، تا تێگەشتنی هاوبەش و کاری هاوبەش بکەن، ئەمە ببێتە نەخشە رێگایەک لەنێوان هەردوو وڵات".
هەروەها رایگەیاند "ئەوەی جێی بایەخ بوو، جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەوڵ بدات لە رووی فرە جۆریی ئابووری خۆی بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی خۆی بە تایبەت غازی سروشتی بکات و پشت نهبهستێ به وڵاتانی دەرەوە، هەروەها بۆ سهقامگیریی سیاسی و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەیەک پاڵپشت بێ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی گرفتەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا، پاڵپشتیی تەواوی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی كێشهكان خرایه روو".
راشیگەیاند: پاڵپشتی له دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە کرا، کە هەم سوودی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، هەم بۆ کۆمپانیاکان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی ئەمریکین.
ئاماژەی بەوەش دا: بابەتی مووچە شتێکی نێوخۆییە، بەڵام جێی بایەخە، ئەمریکا پاڵپشتیی ئەوە دەکات کە پێویستە ئەو بابەتانەی گرفت و ئاستەنگن لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن، وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان یەکێکە لەو بابەتانە، ئەمانەش دەبێ کاریان لەسەر بکرێ، باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵگەریان لە هەولێر رۆڵیان هەبوو لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی گرفتەکان چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.
سەفین دزەیی گوتیشی: له هاتنی شاندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران زۆر بە وردی پرژایە سەر ئەو بابەتانەی کە گرفتن و وردەکاریی تەواوی پێشکەش کرد، هەرچەندە ئەمریکا لە رێگەی کۆنسوڵگەری و باڵوێزخانەکانییەوە راپۆرتی خۆیان دەدەن، بەڵام بیستنی وردەکارییەکان و ئاستەنگەکان و پێشنیازیش بۆ چارەسەرکردنیان لەلایەن خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەوە زیاتر پاڵپشتێک بوو بۆ ئەو زانیارییانەی ئەوان (ئەمریکا) خۆیان هەیان بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی حکوومەتی فیدراڵی قسە بکەن، لە پێگەیەکی پڕ زانیارییەوە قسە بکەن، لە پێگەیەک کە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بابەتانە نیگەرانی هەیە.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان كە تا چەند جێی بایەخە بۆ ئەمەریكا، هەروەها گوتی: واقیعەکە وایە کە وڵاتان لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان کار دەکەن، بەرژەوەندیی ئەمریکاش لەوەیە کە ئەمن و سهقامگیری لە ناوچەکەدا هەبێت، هەرێمی کوردستانیش پێگەیەکی بەهێزی هەبێت لە رووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیموکراسییەوە، ئەوەش لە ساڵی 1991ـهوه بەدی دەکرێ کە نەوای ئارام هاته ئارا و هێڵی 36 لەلایەن هاوپەیمانان پارێزراو بوو، بهڵگهی ئەوەیە کە ئەو دەستکەوتانەی هەرێمی كوردستان پاش سەرهەڵدان و کۆڕەوەکە جێگای ئومێد و پاڵپشتیی دۆستانمان بوو، ئێستاش ئەو پاڵپشتییە هەیە، بە تایبەت ئێستاش لە کۆنگرێس خەڵکانێکی زۆر هەن ئەو سۆزەیان بۆ خەڵک و هەرێمی کوردستان هەیە، بینیمان بەر لە هاتنی شاندی عێراقی ژمارەیەک کۆنگرێسمان نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆک بایدن کردبوو کە پێویستە ئەو بابەتانە لەگەڵ شاندی عێراقی باس بکرێ کە زیاتر پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە هەبوونی هەرێمی کوردستان و حکوومەتێکی بەهێز جێگای پاڵپشتی و خواستی دۆستەکانمانن، هەوڵیشیان داوە و بەشێکی زۆریشی دەکەوێتەوە سەر خۆمان کە تا چەند دەتوانین گرفتە ناوخۆییەکانمان چارەسەر بکەین، لەوانە بابەتی هەڵبژاردن، دواتر داوای پاڵپشتی لە دۆستەکانمان بکەین.
لە كۆتاییدا سەفین دزەیی جەختی كردەوە كە بەشداریکردنیان لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق بۆ ئەمەریكا لەسەر بانگێشتی خودی سوودانی بووە، ئەوە جاری دووەمە و لە مانگی 9ی ساڵی رابردوو بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شیلی لە نیۆرک کرد، ئەوەش بهڵگهیه لەوەی کە سوودانی هەوڵ دەدات پەیوەندییەکان باش بێت، هەروەها هەوڵی چارەسەری کێشەکانیش دەدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.