Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 21:17

ئەمڕۆ هەڵمەتی نیشتمانی كوتان دەستی پێ كرد.. نەخۆشی سوورێژە چییە؟

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قوتابخانەكان دەستی بە هەڵمەتی نیشتمانی كوتان دژی نەخۆشی سوورێژە كرد و بڕیاریشە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بێت.

نەخۆشی سوورێژە (MEASLES) چییە؟

سوورێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی توندی مەترسیداری درمییە تووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبێت و دواتر بە لەشدا بڵاو دەبێتەوە.

هەموو كەسێك لە هەر تەمەنێكدا بێت ئەگەری هەیە تووشی سوورێژە بێت، بەتایبەتیش ئەگەر كەسەكە پێشتر سوورێژەی نەگرتبێت یاخود كوتانی بۆ نەكرابێت، زیاتر منداڵان و ژنانی دووگیان مەترسیان لەسەرە ئەگەر ڤاكسینیان وەرنەگرتبێت تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

ڕێكارەكانی گواستنەوەی سوورێژە:-

ئەم ڤایرۆسە بە ئاسانی لە ڕێگەی كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە لە هەوادا لەڕێگەی:

*  هەناسەدان و كۆكە و پژمە.

*  دەستلێدانی ئەو ڕووانەی ڤایرۆسەكەیان پێوەیە.

*  لە كەسێكی تووشبوو دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی ساغ لە ماوەی چوار ڕۆژ پێش دەركەوتنی پەڵەی پێست و چوار ڕۆژ دوای دەركەوتنی پەڵەی پێست لە كاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە.

نیشانەكانی سوورێژە

نیشانە سەرەتاییەكانی بەگشتی دوای 10 بۆ 14 ڕۆژ دەردەكەوێت و دوای چوونە ژوورەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ناو لەش و دەركەوتنی پەڵەی پێست دوای 7 بۆ 18 ڕۆژ و ئەمانە نیشانەكاتنی نەخۆشییەكەیە:-

-  بوونی تایەكی بەهێز و كۆكە و هەڵامەت.

-  پەڵەی سەر پێست.

-  سووربوونەوە و تەڕیی چاوەكان.

دوای 3 بۆ 5 ڕۆژ لە دەركەوتنی نیشانە سەرەتاییەكانی پەڵە لەسەر پێست دروست دەبێت بەشێوەی پەڵەی سوور بەبێ كێم و برین، پەڵەكان لە دەموچاو و بەشی سەرەوەی مل دەست پێ دەكات تا پشتی گوێیەكان، لەوانەیە لە منداڵی شیرەخۆر و منداڵی تر سكچوون دروست بكات.

دەرئەنجامە لاوەكییەكانی دوای تووشبوون بە سورێژە:-

*  سكچوونی توند و ڕشانەوە.

*  هەوكردنی گوێ و هەوكردنی سییەكان.

*  هەوكردنی مێشك (هەڵاوسانی مێشك) پێدەچێت ببێتە هۆی كەڕبوون یان كێشەی بیر و هۆش.

*  كەڕبوون یان كوێربوون.

*  لەبارچوونی منداڵ لای دایكی دووگیان یان مردنی كۆرپە لە سكی دایكی یان پێشوەختە لەدایكبوون.

*  دابەزینی كێشی منداڵی تازە لەدایكبوو.

رێكارەكانی خۆپاراستن لە سوورێژە:-

وەرگرتنی ڤاكسین باشترین رێكاری خۆپارێزییە لە نەخۆشی سوورێژە، وەرگرتنی ڤاكسین بەرگریی درێژخایەن دەدات بەرامبەر نەخۆشی سوورێژە كە دەگاتە 97%.

چی بكرێت لەكاتی تووشبوون بە سوورێژە:-

-  مانەوە لە ماڵەوە و دووركەوتنەوە لە شوێنە گشتییەكان و بەكارنەهێنانی هۆكاری گواستنەوەی گشتی.

-  سەرداننەكردنی كەسانی تر بەتایبەت ئەوانەی كوتانی سوورێژەیان بۆ نەكراوە.

-  وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و لەدەوام تاوەكو چاكبوونەوەی تەواوەتی.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.