وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە سەرجەم لایەنەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد کە دۆخی ناوچەکە ھیۆر بکەنەوە و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، ئەنالینا بیربۆک بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان قسەی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەکەدا، گرژییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تاوتوێ کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە: ھیچ کەسێک بەرژەوەندی لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ناوچەکەدا نییە، داوا لە سەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە دەکەین کە دان بەخۆدا بگرن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.
دوای ھێرشەکەی ھەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەی کۆنسولخانەی ئێران لە دیمەشق، گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر بووە بە تایبەتیش کە ئێستا تاران و تەل ئەبیب ھەڕشەی ھێرشکردنە سەر یەکتر دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.