Erbil 15°C دووشەممە 06 ئایار 09:37

پێدانی 2 مووچە ئامادەکارییەکانی بۆ جەژنی ڕەمەزان گەرمکردووە

کوردستان TV
100%


لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، موسڵمانان ئامادەکاری بۆ جەژن و پێشوازیکردن لە میوانان دەکەن، هەر بۆیەش لەم ماوەیەدا دەست دەکەن بە کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکان.

موسڵمانان لەدوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان، ماوەی سێ ڕۆژ خۆشی دەگێڕن و بەجلوبەرگی نوێیەوە سەردانی یەکتر دەکەن و مێزەکان بە چەرەزات، شیرینی و شەربەت بۆ میوانان دەڕازێننەوە.

بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان لەم مانگەدا، تا درەنگانی شەو کراوە دەبن و خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن، بۆ ئەمساڵیش بەهۆی پێدانی دوو مووچە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا، وایکردووە کە خەڵک زیاتر کڕین بکەن و بازاڕەکان جمەیان دێت.

چەرەزاتفرۆش لە بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر عەدنان کۆیی رایده‌گه‌ێنێت: "ساڵانە لەو دە ڕۆژەی دواییدا خەڵک دێتە بازاڕ، ئەمساڵ تا نیوەی ڕەمەزان بازاڕ سست بوو، هەندێک بۆ ئێمە ناخۆش بوو، نیگەران بووین چونکە بابەتی زۆرمان هێنابوو بەڵام فرۆشمان نەبوو، دواتر بەهۆی پێدانی مووچەی مانگی شوبات و مانگی ئادار، بازاڕ بوژانەوەی بەخۆیەوە بینی و تا درەنگانی شەو خەریکی بەڕێکردنی موشتەرییەکانمانین".

لەبارەی نرخیشەوە، عەدنان کۆیی گوتی: "ئەمساڵ بابەتەکان هەرزانتر بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بۆ نموونە یەک کیلکۆ فستق بە 20 هەزار دینار بووە، ئێستا بووەتە 18 هەزار دینار، ئەمە پەیوەندی بە بابەتی دۆلارەوە هەیە، هاوکات دابەزینی نرخەکانیش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕ هەبووە".

هاوکات یەکێک لە کڕیارەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی خراپی باری داراییەوە، بابەتی گولەبەڕۆژەیان تێکەڵ بە فستق و بادام کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی دابەشکردنی دوو مووچە، هەموو بابەتەکان بە جیا بۆ میوانەکان دەکڕێت.

کڕیار، دلێر ساڵح لەمبارەیەوە رایده‌گه‌ێنێت: "هاتوومە بۆ کڕینی چەرەزات، وەک هەموو ساڵێک پێشوازی لە میوانەکان دەکەین، زیاتر خواستمان لەسەر چەرەزات و بابەتی تێکەڵە هەیە، ساڵی ڕابردوو مووچە خراپ بوو بۆیە گولەبەڕۆژەمان لەگەڵ چەرەزاتی فست و بادام تێکەڵ دەکرد، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە باشترە و هەر تێکەڵەی فستق و بادام بۆ میوانەکان دادەنێین".

حاجی بەکر چاوشین، ماوەیەکی زۆرە دوکانی فرۆشتنی چەرەزات و شیرنەمەنی هەیە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک لە هەموو کاتەکان خواستی لەسەر شیرینی و چەرەزات هەیە بەڵام لە جەژندا بووەتە مەرج کە دەبێت لەبەردەم میوانەکان دایبنێین.

چەرەزاتفرۆش حاجی بەکر چاوشین گوتی: "ماوەی دوو ڕۆژە بازاڕ بوژاوەتەوە، هۆکارەکەیشی بۆ دابەشکردنی مووچە دەگەڕێتەوە، هەروەها نرخەکانیش وەک خۆیەتی و خەڵک لێی ڕازییە، بۆ نموونە، ئێستا موشتەری لە بری یەک کیلۆ چەرەزات، دوو کیلۆ چەرەزات دەکڕی و لە هەموو بابەتەکانی دیکەش هەروایە".

کڕینی جلوبەرگ یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی پەیوەست بە جەژن و بۆنەکانە، خاوەن دوکانێکی جلوبەرگفرۆشتن، ئاماژە بەوە دەکات کە تا بیستەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان فرۆشتنی نەبووە بەڵام لەم دە ڕۆژەی دواییدا بازاڕ گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیووە.

جلوبەرگفرۆش محەمەد سەلام گوتی: "تا بیستی مانگی ڕەمەزان خەڵک بێ ئومێد ببوو چونکە دۆخی ئابووری و گوزەرانی خراپ بوو، بەڵام لەگەڵ دابەشکردنی دوو مووچە بەیەکەوە خەڵک زیاتر ڕووی لە بازاڕ کرد، بۆ نموونە لە سەرەتای ڕەمەزان تا بیستەم ڕۆژی ڕەمەزان من بایی یەک ملیۆن دینار فرۆشتنم نەبوو، بەڵام لەگەڵ دابەشکردنی مووچە سەد لە سەد بازاڕ گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی و موشتەرییەکان سەردانمان دەکەن".

لەبارەی نرخەکانیشەوە، محەمەد سەلام گوتی: "نرخەکان دابەزیووە، چونکە خەڵک بابەتی بە قەرز هێناوە، دەیەوێت زوو پارەکەی بگاتەوە دەستی و بیداتەوە قەرزەکەی".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئادار کرد.

هەر لە ڕۆژی چوارشەممەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتیی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.


 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.