Erbil 7°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 22:48

پڕۆژەی هەژماری من.. تا كۆتایی ئەمساڵ هەزار ئامێری پارەدەر دادەنرێت

کوردستان TV
100%

حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من، رایگەیاند كە تا كۆتایی ئەمساڵ هەزار ئامێری پارەدەر لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانی دەستیان بە مووچەكانیان بگات.

پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە "هەژماری من" کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتووەتە 260 هەزار کەس و 153 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.

تا کۆتاییی ساڵی 2024 نزیکەی 1000 ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحییەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات.
 
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تا ئێستا بریتین لە (BBAC - NBI - RT - Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دانپێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە. 
 
ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.
 
بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:

1- دەستراگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.

ئامێرەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.

2- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/ پێشینەی جۆراوجۆری بانک.

3- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.

4- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

5- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جووڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.