Erbil 5°C شەممە 28 کانونی یەکەم 08:52

"هەولێر و بەغدا لەسەر كاركردن بە پڕۆژەی هەژماری من لە رێككەوتن نزیكن"

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرێكی گشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە هەولێر و بەغدا سەبارەت بە كاركردن بە پڕۆژەی هەژماری من بۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی رێككەوتندان.

مەولوود سابیر بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی پارتی رایگەیاندووە: پڕۆژەی ھەژماری من ئێستا لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لە هەریەك لە پارێزگاكانی ھەولێر و سلێمانی ودھۆک بەڕێوە دەچێت و ھیچ گرفتێکی لەبەردەمدا نییە.

راشیگەیاند: لەم ماوەیەدا بانکی (تی بی ئای) عێراقیش داواکاری پێشکەش کردووە بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەی ھەژماری من، بەمەش ئەم بانكە دەبێتە شەشەم بانک كە بەشداری لە پڕۆژەكەدا بکات.

سەبارەت بە دوایین ئامارەكانیش لەبارەی تۆماركردنی مووچەخۆران لە پڕۆژەی هەژماری من،  مەولوود سابیر گوتی: تا ئێستاش 250 ھەزار مووچەخۆر تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 150 ھەزاریان کارتەكانیان وەرگرتۆتەوە.
 

جەختیشی كردەوە كە تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەی تۆماركردن لە پڕۆژەی هەژماری من تەواو و كۆتایی دێت.

بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكان ئەوەشی خستەڕوو كە دووجار شاندیان سەردانی بەغدایان کردووە و لە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدڕالی نزیكن و تەنیا بڕیاردان و یەکلاییكردنەوەی بابەتەكە ماوە.

نەشی شاردەوە كە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوام لەسەر خەتن بۆ چارەسەكردنی كێشەكان و كاركردن بە پڕۆژەی هەژماری من لە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران.

جەختیشی كردەوە كە سەرجەم بانکەکانی بەشداربوو لە پڕۆژەی ھەژماری من باوەڕپێکراون و لە بانکی ناوەندی عێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە، هەروەها بانکی ناوەندی خۆی ڕەزامەندی داوە پڕۆژەی ھەژماری من ئەنجام بدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.