سەرۆكی لەكارلادراوی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان بە پیلانی ئیقلیمی و هەندێك لایەنی ناوخۆیی كورد فشاری گەورەی خراوەتە سەر.
محەمەد حەلبووسی كە بەپێی بڕیارێكی دادگای باڵای فیدڕالی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لادرا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (سۆمەڕییە)ی عێراقیدا، ئاماژە بە گوشاری لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران كرد بەرامبەر بە کورد و گوتی "نزیکەی ساڵێكە كورد و بەدیاریكراویی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕووبەڕووی كۆمەڵێك بڕیاری لە ڕوالەت دەستووری و لە ناوەڕۆكدا سیاسی بووەتەوە كە لەلایەن هاوپەیمانیی دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەكرێت لەلایەن حكوومەت و پەرلەمان و دادگای فیدراڵییەوە دەرچووە".
حەلبووسی گوتیشی "هەرێمی كوردستان بە پیلانێكی ئیقلیمی و هەندێك لایەنی ناوخۆی كوردییەوە فشارێكی گەورەی خراوەتە سەر".
هەروەها گوتی "ئەوەی رووبەڕووی کورد و پارتی دەبێتەوە، رێكەوت نییە و ئامانجدارە، ئێران بۆردومانی هەولێر دەكات و بەغداش فشاری سیاسیی و دارایی دەخاتە سەر".
محەمەد حەلبووسی ئاماژەی بەوەش دا "ئەوەی ڕوو دەدات رێكەوت و سوتفە نییە، بەڵکو ئاڕاستەیەكی بەرنامەداڕیژراوە، پەیوەندیی هەیە بە حیساباتی كەڵەكەبووی رابردووەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمەش كارێكی باش نییە بۆ عێراق بە گشتی".
لە كۆتایی چاوپێكەتنەكەدا حەلبووسی گوتیشی "گوشارەکانی سەر کورد هەندێكی پەیوەندی بە دۆخی هەرێمییەوە هەیە، ناكرێت لەیەك كاتدا ئێران بۆردومانی هەولێر بكات و بڕیاریش لە بەغداوە دەربچێت فشاری دارایی و سیاسیی بخاتە سەر هەرێم، ئەمانە وا لێك دەدرێنەوە بەرنامە بێت و پێكەوە گرێدرابن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.