Erbil 27°C شەممە 27 تەمووز 07:12

زانیاری لەسەر ئاستی قوتابییان لە بابەتی زمانی كوردی لە قوتابخانە ناحكوومییەكان

کوردستان TV
100%

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم چەند زانیارییەكی سەبارەت بە ئاستی قوتابییان لە زمانی كوردی لە قوتابخانە ناحكوومییەكان خستەڕوو و رایگەیاند كە بەشێوەیەكی گشتی ئاستەكە ئومێد بەخشە.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە زانیارییەكانی ئاستی قوتابییان لە قوتابخانە ناحكوومییەكان لە زمانی كوردی بەمشێوەی خوارەوە خستەڕوو:-

یەکێک لە گرفتەکانی ناوەندی خوێندنی ناحکوومی لە پێشتر ئەوەبوو دوور لە پێوەری زانستی قسە لەسەر ئاستی زمانی کوردی لەو ناوەندانەی خوێندنی ناحکوومی دەکرا، بە گوێرەی حاڵەتێک کە کەسێک دەیبینی یان رۆژنامەنووسێک کە پرسیارێکی دەکرد، بڕیار دەدرا و حوکمی باشی و خراپی ئاستی زمانی کوردی دەخرایە ڕوو.

ساڵی خوێندنی پار (2022-2023) وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا بۆ خزمەتی زمانی دایک (زمانی کوردی) و بۆ دەرچوون لە حوکم و بڕیار لەسەر بنەمای حاڵەت کە زانستی نییە، هەڵسەنگاندن بکرێت بۆ قوتابیانی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی لە قوتابخانە ناحکوومییەکان (سیستمی خوێندنی وەزارەت/ سیستمی ئینتەرناشناڵ/ بیانی)، پاشتر بەڕێوەبەرایەتی هەڵسەنگاندن شیکاری وردی داتاکانی کرد، بە کۆی گشتیی وەک تێکڕا ساڵی پار ئاست و نمرەی دەرچوون گەیشتە (87٪)، بە ڕێژەی جیاواز لەنێوان قوتابخانەکان، بە دڵنیایش ئەو قوتابخانانەی کە سیستمی خوێندنی وەزارەت بە زمانی ئینگلیزیی پەیڕەو دەکەن ئاستی توانستی قوتابییەکانیان باشتر بوو بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە ئاستی توانستی قوتابیانی قوتابخانە ئینتەرناشناڵەکان لە زمانی کوردیدا، بەڵام ئاستی زمانی کوردی بە تێکڕا لە قوتابخانە ئینتەرناشناڵەکانیش ئومێد بەخشە.

ساڵی پار لە مەراسیمێکدا ڕێز و سوپاسمان دایە ئەو قوتابخانانەی ئاستی زمانی کوردی قوتابیانیان نایاب بوو، لە هەمانکاتیشدا قوتابخانە بە قوتابخانە داتا و دەرئەنجامی خۆیانمان دانەوە، هەروەها قوتابی بە قوتابی ئەنجامەکانمان بۆ شیکارکردن کە ئەو قوتابییە لە نووسین لە چ ئاستێکە، لە ڕستە سازیی لە چ ئاستێکە، لە تێگەیشتن، هەروەها لە داڕشتن لە چ ئاستێکە. بۆیە جدییەتێکی زیاتر بە قوتابخانەکانەوە دەبینین لەماوەی ئەم دوو ساڵە کاتێک ئەوان زانیان وەزارەت جدییە و مکوڕە لەسەر ئەنجامدانی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی، بۆیە ئیستا ئەوان گرنگی زیاتر دەدەن بە مامۆستایانی زمانی کوردی، گرنگی زیاتر دەدەن بە بابەتی کوردی، ئەم بابەتە پاش چەند ساڵێکی دیکە دەرئەنجامەکانی باشتر دەردەکەون.

لە ساڵی خوێندنی ئەمساڵیشدا سبەی کە ڕۆژی چوارشەممەیە هەمان هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی زمانی کوردی بۆ قوتابیانی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی و هەشتەمی بنەڕەتی ئەنجام دەدەین، داتاکان بەراورد دەکەین بە داتای ساڵی رابردووش، ئەو قوتابخانەیەی ئاستی وەک پێویست نەبێ کۆمەڵێک رێکاری بۆ دیاری دەکرێت کە پێویستە بیگرێتە بەر، ئەوەش ئاستی توانستی زمانی کوردی قوتابیانی بە تێکرا نایابە بە دڵنیایی سوپاس دەکرێت و کاری هەڵسەنگاندنی ورد وەک ساڵی پار بۆ هەموو قوتابی و هەموو قوتابخانەیەک ئەنجام دەدرێت.

هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی ئەم بەشانە لەخۆ دەگرێت ( خوێندنەوە و تێگەیشتن / داڕشتن و جواننووسی / ڕێزمان/ ئەدەبی کوردی).

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.