دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكوومەت و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت، ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2024 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی فراوانی ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێكرد.
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی یاسا و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا تیشكی خستە سەر گرنگیی بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی و ئاماژەی بەوە كرد دابەشكردنی زەی، وێڕای ئەوەی سوودی زۆری بۆ فەرمانبەران دەبێت، هاوكات كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری و جووڵەی بازاڕ و گەشەپێدانی سنووری شارەوانییەكانیش دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەبووانی كۆبوونەكەی ڕاسپارد كە بەزووترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن و لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێكارەكان تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند دەبن ببنە خاوەن زەوی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران بزاندرێت و لەسەر ئەو بنەمایە زەوی دیاری بكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە نەخشەی كەرتیی زەوییەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەر لە ئێستاوە دەبێت ڕەچاوی ماستەرپلانەكان بكرێت و لە نەخشەی كەرتی ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، دەبێت پانی شەقامەكان و ناوچەی سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لایەنی شارسازی بایەخی تەواویان پێ بدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد لە سنووری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبوو دەبێت سنووری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت.
پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە سەرنجی خۆیان سەبارەت بە شێوازی ئامادەكارییەكە و گرفتەكانیان خستەڕوو و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دروستكردنی لیژنەی تایبەت لە سنووری شارەوانییەكان كردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە خێرایی و بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.