گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند كە پارتی بەهیچ شێوەیەك داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی نەكردووە و بگرە پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگیرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات
مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی لە روونكردنەوەكەدا رایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات.
راشیگەیاند: لێرەدا ڕای دەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوە بچێت و سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن.
گوتەبێژی پارتی هەروەها رایگەیاند: دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بو ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.