میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كرد كە لە بۆردومانەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، ژمارەیەك فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئەمنی و سوپای پاسدارانی ئێرانی كوژراون.
ئەو بەرپرسانەی كە لە بۆردومانەكەدا كوژراون بریتین لە (محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان، سەردار رەحیمی فەرماندەی سوپای پاسداران، عەمید حوسێن ئەمیروڵا سەرۆكی ئەركانی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان كە لە هەمان كاتدا جێگر و بەڕێوەبەری نووسینگەی محەمەد رەزا زاهیدییە، محەمەد حاجی رەحیمی راوێژكاری محەمەد رەزا زاهیدی).
كوشتنی محەمەد رەزا زاهیدی بە دووەم ئۆپەڕاسیۆنی كوشتنی فەرماندەی سەربازی ئێرانی دادەنرێت دوای كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
لەبارەی بۆردومانەكە، حوسێن ئەكبەڕی باڵیۆزی ئێران لە سووریا رایگەیاند: زانیاریی تەواویان هەیە كە بۆردومانەكە لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئەنجامدراوە.
ئاشكراشی كرد كە لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا 7 كەس كوژراون كە لەنێویاندا 3 فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەیە لە سەرووی هەموویانەوە محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنانە.
لای خۆشییەوە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا سەرەڕای سەركۆنەكردنی بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، تۆمەتی بۆردومانەكەی بۆ ئیسڕائیل درێژ كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.