ئەمڕۆ دووشەم 1ی نیسانی 2024 لە سەلاحەدین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان برایێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینییەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن، كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن.
هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ستایشی ڕۆڵی فەڕەنسای كرد كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بووە و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسای بە پەیوەندییەكی مێژوویی و بێوێنە وەسف كرد.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پارتی بنیاتنەری شەرعییەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت.
بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسییەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەردارتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە هەموو ئەو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانە چارەسەر بكرێت و ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت.
داواشی كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و ڕاستەقینە كە لە خزمەت شەرعییەت و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.