پڕۆژەی سیستەمی ڕەوانەكردنی نیشتمانی NRM، سیستەمێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پشتیوانیكردنی هاووڵاتییانی گەڕاوەی دەرەوەی وڵات لە هەرێمی كوردستان.
سیستەمەكە لە مانگی ئایاری 2023 بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان و لە هەولێری پایتەخت دامەزرا و ڕۆژی یەكشەممە، 31 ی ئاداری 2024، لە سلێمانی جێگیر كرا.
سستەمەكە بریتییە لە خزمەتگوزاریی بێبەرانبەر بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، وەكوو پێشكەشكردنی ڕاوێژ و ئاسانكاریی دابینكردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییە نیشتمانییە لەدەستچووەكان و دابینكردنی و جێگەی نیشتەجێبوون و هاوكارییە تەندروستی و پەروەردەییەكان بۆ ئەو خێزانانەی پێویستییانە.
هاودەم لە دووبارە بەدەستخستنەوەی هەلی كار و جێگیربوونەوەی ئەو خێزانانە لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاری دەكرێن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بەسیستەمکردن و دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات لە کاتی گەڕانەوەیان، ئەمەش بە ئامانجی ئاوێزانكردنەوەیان بە كۆمەڵگە و دوورخستنەوەیان لە هەستكردن بە نامۆیی و بێمافی.
سیستەمەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە پشتیوانیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ IOM و یەكێتیی ئەورووپا دامەزراوە و لە ئاییندەیەکی نزیک لە پارێزگای دهۆکیش دەكەوێتە كار.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، سەنگێكی گەورە بە مافی هاووڵاتیبوون لە هەرێمی كوردستان دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت مافی ئەو هاووڵاتی و خێزانانەش دابین بكات كە دەگەڕێنەوە خاكی وڵات و دەیانەوێت لە وڵاتی خۆیاندا بژین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.